دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان

هەولێر-KDP.info- بڕیارە دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەوە بگوازرێتەوە سەر میلاکی وەزارەتی شەھیدان، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێریش دەڵێ، لە کاتی گواستنەوەیاندا مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش کەم ناکرێتەوە.
داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش بەردەوامن، کە تا ئێستا لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بوون و بڕیارە بگوازرێنەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان.
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر گوتیشی، کێشەی گواستنەوەی دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش چارەسەر کراوە و بڕیارە دوای رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بگوازرێنەوە سەر میلاکی وەزارەتی شەھیدان.
محەمەد روونیشی کردەوە، تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر دۆسیەی ٤٥٠ شەھیدی شەڕی داعش دەگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر، مووچەکانیشیان کەم ناکرێتەوە و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
قائید میرۆ




