٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی ئەڵمانیای فیدراڵ سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێکی ئەکادیمیای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگی سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ، لە یەکەم سەردانیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی و هەرێمی لە ئەڵمانیا و کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و دیدارێکی سیاسی و شیکارییان لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەدا ساز کرد.

لە دیدارەکەدا، بە فراوانی باسی چەندین بابەتی گرنگ لە پەیوەندییەکانی دەزگاکەیان، پارتی کریستیان دیموکرات و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کرد و  خۆشحاڵیی خۆشیان بە فراوانبوونی پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی پارتی کریستیان دیموکرات و دەزگاکەیان دەربڕی و پیرۆزبایی گەرمی خۆیان ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ سەرکەوتنی گەورە و بەرچاوی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق و، هیوایان خواست پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ و دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ بەردەوام بێت بۆ  بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لە پرسەکانی سیاسی، ستراتیژی و شیکاری و هەموو پشتگیرییەکی دەزگاکەشیان بۆ گەشەپێدانی پرۆگرامەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، لە مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بۆ دامەزراوە و ئۆرگانەکانی  پارتی  و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان بکات لە بوارە جیاجیاکاندا. لەسەر ناوی دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ هەروا بانگهێشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسێکی دەزگاکەیان لە بەرلین کە لە ناوەڕاستی مانگی دوانزدەی ئەمساڵ ساز دەکرێت.                                                                                                                                 

شاندی دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ ئەڵمانیای فیدراڵ، پێکهاتبوون لە بەڕێزان گریگۆر یاکی، بەرپرسی ئۆفیسی سووریا و عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  دەیڤد لابۆدی، لێکۆڵەری دەزگاکە و خاتوو  مەها حەداد،  بەرپرسی پڕۆژەکان. شاندەکە بە گرنگییەوە دەڕواننە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە حکوومەت و پەرلەمان و بەشداریی کارا لە جومگەکانی گرنگی حوکمڕانی لە عێراق بە ئاراستەی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕێککەوتنەکانی نێوان عیراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ بنیادنان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و مادودەی (١٤٠)ی دەستوور و  هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.                                                                                  

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب، بە ناوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و سوپاس و ستاییشی هاوکاری و پشتگیرییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی کرد لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆر لە کوردستان و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە  چەندین بواری گرنگدا و سوپاسی گرنگیدانی پارتی کریستیان دیمۆکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ و دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگی لە برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دا وەک دوو لایەنی هاوبەش و دۆست و سوپاسی کار و چالاکیی و پرۆژەکانی دەزگاکەشیان کرد لە  فراوانکردنی چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) خستەڕوو بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە و چالاکییەکانی دەزگاکەیان لە هەرێمی کوردستان.

هەردوولا باسی کۆنگرەی  ١٥/١/٢٠٢١ی پارتی (سی.دی.یۆ)یان کرد کە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە فەرمی  بانگهێشت کرابوو، هەروا  پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و شاندی دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر ستیفتۆنگ، گفتۆگۆیەکی سیاسی و شیکارییان هەبوو لەسەر کۆتایهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی  لە عێراق، کە پارتی دیموکراتی کوردستان  تێیدا لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق پلەی یەکەمی بەدەست هێنا کە لە ڕۆژانی ڕابردوو سەرەتا لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ دیالۆگ و یەکڕیزی بۆ ئەوەی وەک یەک تیمی بەهێز لە بەغدا کار بۆ جێبەجێکردن و هێنانەدی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و بۆ دەستکەوتی زیاتر لە کاتی بەشدارییان لە حکوومەتی داهاتوو کە لە دوای هەڵبژاردنەکان دادەمەزرێت.

لە لایەکی تریشەوە باسی هەوڵەکانی پارتی کرا کە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی باڵای پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سەرکەوتووەکانی شیعە و سوننە کۆ دەبێتەوە بۆ دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و مەرجەکانی پیشوەختەی کورد و ڕاگۆڕینەوە لەسەر شێواز و میکانیزمی بەشداریی کورد لە حوکمڕانی لە عێراق و ڕیککەوتن لەسەر ئەو پۆستە گرنگانەی کە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانن  لە چوارچیوەی دەستووردا.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا باسی دۆخی ناوچەکە، هەڕەشە و مەترسییەکان، دیدگای پارتی لەسەر پەرەسەندنەکانی سیاسی و ئەمنی و  ئاشتی و سەقامگیری  و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەریم و بەغدا کرا. پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و شاندی ئەڵمانیا دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە، سەردانی ناوبازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکان و کەلتووری پێکەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری  شارۆچکەی شەقڵاوەیان کرد و میوانداری کران.

هەواڵی پەیوەندیدار