په‌یوه‌ندییه‌کانى کورد و به‌ریتانیا له چ ئاستێکدایه؟

هەولێر -KDP.info- به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتی به گرنگییه‌وه باس له په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت، به‌راورد به ڕابردوو ئاستى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان و بەریتانیا له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا (سیاسى، سه‌ربازى و ئابوورى) هه‌نگاوى باشى ناوه.
هۆشیار سیوه‌یلى، به‌رپرسى مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: ''بەلاى به‌ریتانیاوە گرنگه و به‌پێویستى ده‌زانێت کە هه‌رێمى کوردستان وه‌ک کیانێکى ده‌ستوورى له چوارچێوه‌ى عێراقدا به‌هێز بێت، چونکه پێگه‌ى جوگرافیى هه‌رێمی کوردستان له ڕوانگه‌ى به‌ریتانیادا پێگه‌یه‌کى ئارامه و ده‌توانێت بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى ئەو وڵاتە له‌م ناوچه‌یه‌دا سوودى هه‌بێت.''
به‌رپرسى مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى گوتیشی: "مێژووى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هەرێمی کوردستان و به‌ریتانیا بۆ ساڵى 1991 دەگەرێتەوە کە بڕیارى 688یان ده‌رکرد و ئەوە سه‌ره‌تایه‌کى گرنگ بوو بۆ ئه‌وه‌ى هەرێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کى دۆستانه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى وەڕێ بخات، له‌و کاته‌شه‌وه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هه‌میشه به‌رده‌وام بووه، ساڵى 2003ش به‌ریتانیا ڕۆڵى هه‌بوو له ئازادکردنى عێراق و لیره‌وه په‌یوه‌ندییه‌کان چووه قۆناغێکى دیکه‌وه، دواتر به‌ریتانیا له شه‌ڕى تیرۆر و له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى دژی داعشدا ڕۆڵێکى باشى هه‌بوو له تێکشاندنى تیرۆریستانى ئەو ڕێکخراوه‌یە، بۆ ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانی کرد، به‌م دوایییانه‌ش سه‌ردانى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌ریتانیا هێزێکى دیکه‌ى دا به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کوردستان و به‌ریتانیا و بۆ ئه‌مه‌ش کۆمپانیا به‌ریتانانییه‌کان ئاماده‌ى کارى سه‌رمایه‌گوزارى له هه‌رێمى کوردستانن".
هۆشیار سیوه‌یلى باسی لەوەش کرد: "به‌ریتانیا پێى گرنگه و ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌شه ئارامه‌ى که هه‌رێمی کوردستان ڕەخساندوویەتی وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه، چونکە به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌یه و مه‌به‌ستیه‌تى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ئێمه بباته پێشتر، به‌تایبه‌ت ئێستا ئەو وڵاته له‌دواى هاتنه ده‌ره‌وه‌ى له یه‌کێتیى ئه‌ورووپا ده‌ستى واڵایه بۆ به‌ستنى هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ک که خۆى بیه‌وێت له‌گه‌ڵ ولاتانى ناوچه‌که و له نێویاندا هه‌رێمى کوردستان".
به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات، ده‌رخه‌رى سه‌رکه‌وتووییى سه‌رۆک بارزانى و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه، دیپلۆماسیه‌تى سه‌رکردایه‌تیى کورد له ڕابردوو زۆر هاوکێشه‌ى له ناوچه‌که‌دا گۆڕى، بۆیه ئه‌م گرنگیدانه‌ى ئێستاى به‌ریتانیاش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه و دۆستایه‌تیى به‌ریتانیا بۆ ئێمه گرنگه و وا ده‌کات کاریگه‌ریى له‌سه‌ر گۆڕینى سیاسه‌تى وڵاتانى دیکه‌ش لە به‌رانبه‌رماندا هه‌بێت، هه‌میشه سیاسه‌تى کاره‌کته‌ره سیاسییه‌کان ده‌ورى سه‌ره‌کیى هه‌بووە له‌م په‌یوه‌ندییانەدا و پێشتر بینیمان سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و زۆربه‌ى وڵاتانى دیکه و هاتنى شانده‌کان بۆ هه‌رێم ڕۆڵى به‌رچاوى هه‌بوو، بۆیە گه‌شبینم به ئاینده‌ى ئه‌م په‌یوه‌ندییانه".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




