٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی كارەبا: زیاتر لە یەك ملیۆن پێوەری زیرەك بەستراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەك وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت و بریكاری وەزارەتی كارەباش دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پێوەر بەستراوە و ئەمساڵ قۆناغی گرێدانی پێوەر كۆتاییی دێت و ساڵی داھاتووش قۆناغی دووەم ھەمووی تەواو دەبێت لە خوێندنەوە و گرێدانی بە سیستمەكەوە.

كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گرێبەستی پێوەری زیرەك لە كابینەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، بەڵام لە كابینەی نۆدا كارمان بۆ جێبەجێكردنی كردووە و لە كۆی یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەشداربووی كارەبا، تا ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن پێوەری زیرەك بۆ بەشداربووان گرێ دراوە، لەو ژمارەیەكش نزیكەی ٣٠٠ ھەزار پێوەر تا ئێستا كەوتوونەتە كار".

بریكاری وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بڕیارە ئەمساڵ بۆ ھەموو بەشداربوویەك پێوەری زیرەك ببەسترێت، بەڵام قۆناغی دووەم دەكەوێتە ساڵی داھاتووەوە، كە ئەویش گرێدانی پێوەرەكەیە بە سیستمی زیرەك".

لەبارەی گەڕانەوەی پارەی كرێی كارەبا، كامیل قەزاز گوتی: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە وەرگرتنی كرێی كارەبا بۆ ساڵێك دوا كەوت و كارمەندانی كۆكردنەوەی كرێی كارەبا نەیانتوانی وەك پێویست كرێی كارەبا كۆ بكەنەوە، ئەوەش بۆوە ھۆكاری ئەوەی كرێی كارەبا لەسەر ھاووڵاتییان كەڵەكە ببێت و ئێستا پارەیەكی زۆریان بۆ بێتەوە، بەڵام ئەوە ھەمووی كرێی نوێی كارەبا نییە، بەڵكوو قەرزی پێشترە لەسەر ھاووڵاتی".

قەزاز دەشڵێت: "پێوەری زیرەك بە شێوەیەكی پێشكەوتوو یەكەكانی كارەبا دەخوێنێتەوە و كەمتر ھەڵە دەكات، واتە بەراورد بە پێوەری كۆن زۆر باشترە و بەراورد ناكرێت، ئەگەر ھەڵەیەكیشی تێدا بكرێت لە كاتی خوێندنەوە، ئەوە قابیلی چارەسەركردنە".

 

قائید میرۆ 


 

هەواڵی پەیوەندیدار