بە ئەلکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و خاڵێکی دیکەی چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگەیە و ھاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە بە چەک و لە بانک مووچە وەردەگرن و لە ھەنگاوی یەکەمیشدا لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچە لە بانک وەردەگرن .
عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی ھێزی پێشمەرگە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا لیوای یەکی ھێزی پێشمەرگە مووچەیان بە چەک لە بانک وەردەگرن و سەرجەمیان چەکیان بۆ دروست کراوە و لەمەودوا بە شێوەی چەک و ئەلکترۆنی مووچە وەردەگرن و ئەمەش وەکوو ھەنگاوی یەکەمە و لەمەودوا ھەموو لیواکان بەو شێوەیە مووچە وەردەگرن، ئەمەش بە قۆناغ دەکرێت.''
عەمید عوسمان محەمەد باسی لەوەش کرد: ''سوودی ئەو کارە ئەوەیە کە ھێنان و بردنی پارە بە دەست نابێت و بانکەکان دەبنە شوێنی مووچە و، وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغێکی دیکە لە چاکسازی دەستی پێ کردووە و کاری زیاتریش دەکرێت و ئەرکی دیکەش لە چاکسازی بەجێ دەگەیەنێت و ئەمە خاڵێکی دیکەی چاکسازییە.''
گوتی: ''جگە لەوەش، بندیوار نامینێت و ژمارە حیساب و پەنجەمۆر ھەیە و ئەو کەسەی چەکی بۆ دەکرێت، داتا و زانیاریی تەواوی هەیە و ڕێگرییەکی باشە بۆ ئەوانەی کە بندیوارن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی باشی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەیە.''
بڵند ئیبراھیم




