توركمانەكان: رۆڵی پارتی و سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنین

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانەكانی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری ھەولێر، لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی سیاسیی توركمانی كۆبوونەوە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیش دەڵێ، سەردانی لایەنە توركمانییەكان لەبارەی رۆڵی پێكھاتەی توركمان بووە وەك پێكھاتەیەكی سەرەكیی عێراق و كوردستان.
عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندیە نیشتیمانییەكانی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كۆبوونەوەكە بۆ راگۆڕینەوە و راوێژ بووە لەبارەی رۆڵی گەلی توركمان وەك پێكھاتەیەكی سەرەكی لە كوردستان و عێراق، كە رۆڵیان لە بەرچاو بگیرێت، ھەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھاوكار و پشتیوانی ھەموو پێك ھاتەكان بووە، لەنێو دەستووری عێراق و لە ھەرێمی كوردستانیش پارتی بەرگری لە توركمان و كریستیانەكان كردووە و ئەوانیش رۆڵی بەرچاویان ھەبووە، دانوستانەكانیش ئیجابی بوون، ھەتا بە گوتارێكی كوردستانی بەرگری لە مافەكی ھەموو خەڵكی كوردستان و پێكھاتەكان بكەین".
لای خۆشیەوە، عیرفان كەركووكلی، سكرتێری گشتیی پارتی گەلی توركمان رایگەیاند: "بەشێكی رەسەنی خەڵكی كوردستانین و رۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی قەت لەبیرناكەین، رۆڵیان بەرز دەنرخێنین و لە نێو دڵماندایە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی توركمان، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی دانوستانمان لەبارەی ئایندەوە كرد، بە تایبەتی رەوشی گەلی توركمان، تا لەداھاتوودا پێكەوە كار بۆ یەكڕیزی و تەبایی بكەین".
قائید میرۆ




