ھەر كەسێك نرخ بەرز بكاتەوە سزا دەدرێت

هەولێر-KDP.info- دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، دەنگۆی گرانبوونی نرخی نان بڵا بووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی بازرگانییش دەڵێ، دڵنیایی دەدەنە ھاووڵاتیان نرخی نان گران نابێت.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل، بەشێكی پەیوەستە بە دەرەوە، واتا نرخ خۆی گران بووە نەك گران كرابێت، بەڵام ئەوەی وەك دەرفەت ھەندێ خەڵك نرخ بەرز بكەنەوە، ئەوە رۆژانە لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی لەنێو بازاڕن و ھەر كەسێك نرخ بەرز بكاتەوە، سزا دەدرێت و لێپرسینەوە ھەیە".
لەبارەی نرخی نانیش، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت: "نرخی نان بە ھیچ شێوەیەك بەرز نابێتەوە و ھاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەوەی نرخی نان و سەموون گران ناكرێت، چونكە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە رێوشوێن گیراوەتە بەر".
كامیل روونیشی كردەوە: "كۆبوونەوەیەك لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دراوە و تێیدا ژمارەیەك بڕیار دراون، لەوانەش كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بە ڕێژەی ٢٠% لەسەر نانەواخانەكان، ھەروەھا پێدانی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو، لەگەڵ دوو كۆمپانیای ناوخۆش قسە كراوە ئارد بە نرخی گونجاو بدەنە نانەواخانەكان، ھەندێ لەو بڕیارانەش چوونەتە بواری جێبەجێكردن و ئەوانی دیكەش جێبەجێ دەكرێن".
قائید میرۆ




