قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠مەتری لە قۆناغی قیرتاوکردنه

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠مەتریی شاری ھەولێر رایگەیاند، دروستکردنی قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠مەتری ھەنگاوی باشی بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی قیرتاوکردنین و کارەکان زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچن و رۆژانە نزیکەی ١٥سەعات کاری تێدا دەکرێت.
کەیفی فارس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠مەتری زۆر باش بەڕێوە دەچێت و ئەم قۆناغە ٧.٢کم دەبێت، کە دوای شەقامی شەقڵاوە تاوەکو کەسنەزان دەڕوات و لە شەقامی سەرەکی یەکێکیان چوار رۆژە قیرتاو دەکرێت، چونکە ١٥٠مەتری شەش شەقامە و دووی سەرەکی و چواری خەدەمییە و پردی سووڕانەوە و ھەیکەلی یەکێکیان تەواو بووە و ئەوەی دیکەش کاری باشی بۆ کراوە".
فارس باسی لەوەش کرد: "بڕیارە لە ماوەی ساڵێک و دوو مانگدا ئەو قۆناغەش تەواو بێت و دواتر قۆناغی دیکە دەست پێدەکات. بەمەش ١٧کم تەواو دەبێت، کە درێژیی ھەموو شەقامەکە ٧٠کم دەبێت، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن، لەبەر ئەوەی نابێتە دوو مانگ نزیکەی ٢کم قێرتاو کراوە و بەردەوامیشین و ھاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی دیکە رێگا خەدەمییەکانیش لە کۆتاییدان و خەریکە بگەنە قۆناغی قێرکردن".
سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠مەتریی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە، رۆژانە لە سەعات شەشی بەیانی تاوەکو پێنجی ئێوارە ئالیەتەکان تەواو دەبن، بەڵام پشکنینەکان تا سەعات ھەشتی شەویش کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە رۆژانە نزیکەی ١٥سەعات کاری تێدا دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




