لە ھەولێر بەڵێندەران کەوتوونەتەوە کار

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی ھەولێر ئاشکرای کرد، بەھۆی قەیرانی دارایییەوە زۆرینەی بەڵێندەران لەکار کەوتبوون، ئێستا جارێکی دیکە حکوومەت پڕۆژەیان پێ دەدات و دەستیان بەکار کردووەتەوە و بەردەوام کار دەکەن.
بەشار عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەھۆی قەیرانی دارایییەوە زۆرینەی بەڵێندەران لەکار کەوتبوون و پڕۆژەیان نەمابوو، بەڵام ئێستا بەھۆی باشبوونی دۆخی ئابوورییەوە جارێکی دیکە حکوومەت لە ھەموو سێکتەرەکاندا پڕۆژە بە بەڵێندەران دەداتەوە، بۆیە ئێستا دۆخەکە زۆر باشە و ئەمەش بۆ ئابووریی ھەرێمی کوردستان گرنگە.''
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی ھەولێر گوتیشی: ''لە سنووری ھەولێر بەڵێندەرێکی زۆر ھەیە کە ژمارەیان دەگاتە ھەزار و٣٠٠ بەڵێندەر و ئێستا زۆرینەیان حکوومەت پڕۆژەیان پێ دەداتەوە و کار دەکەن، بەڵام پێویستە مۆڵەتەکەیان نوێ بکەنەوە و ئەمەش پێوستی بە چەند ڕێکارێک ھەیە.''
گوتیشی، ئێستا حکوومەت ئەو پڕۆژانەی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا ڕایاندەگەینێت، دەیانداتە بەڵێندەران بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە و جووڵە دەخاتە بازاڕ و دەرفەتی کاریش زیاد دەکات.
بڵند ئیبراھیم




