٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەڵبژاردنی پارتی بۆ KDP: ھیچ تانەیەکمان لە ئەنجامەکان نەدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ دوایین رۆژی تانەدانە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و، ئێمەش وەک پارتی تانەمان لە ئەنجامەکان نەداوە، بەڵام ئەو تانانەی تۆماریش کراون، ھیچ گۆڕانکاری نەکردووە، ئەمە بەپێی قسەی کۆمسیۆن، بۆیە بڕیارە دوای ١٠رۆژ بە فەرمیی ئەنجامەکان رابگەیندرێت.

بەرپرسی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەوار محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە ئەمجارە ھیچ تانەیەکمان لە ئەنجامەکان نەدا و، لەسەر زاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەندرا پارتی پێشوازی  لە ئەنجامەکان کرد و پێی رازی بووین، بۆیە تانەمان لە ئەنجامەکانیش نەدا".

ھەوار محەمەد گوتیشی: "ھۆکاری تانە نەدان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش، ئەوەبوو کە ئێمە ٤٥ سکاڵامان تۆمار کردبوو و، زۆرینەی سکاڵاکانمان لە بەرچاوگیرابوو و یەکلایی کرابوونەوە، بۆیە تانەشمان لە ئەنجامەکان نەدا، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان و ئەو کاندیدانەی ناڕازین، دەتوانن لە کۆمسیۆن تانە لە ئەنجامەکان بدەن، بەڵام بەپێی گوتەی کۆمسیۆن، تا ئێستا ئەو تانانەی لە ئەنجامەکان دراون، ھیچ گۆڕانکارییەکی لە ئەنجامەکان درووست نەکردووە".

هەوار باسی لەوەشکرد، "بڕیارە  ئەمڕۆ وادەی تانەدان تەواو بێت، دوای ١٠رۆژ ئەنجامی کۆتایی رادەگەیندرێت و، دەبێتە ئەنجامی فەرمیی، چونکە تانەدانیش نامینێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار