فازڵ میرانی: ئامانجی ئێمە لە سەردانی لایەنەکان، یەکڕیزیی کوردە

سلێمانی -KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئامانجی ئێمە بۆ سەردانی پارێزگای سلێمانی یەکریزیی کوردە و دەمانەوێت دوای ھەڵبژاردنەکە قۆناغێکی تازە دەست پێ بکەینەوە و ئەو توندییەی لە ھەڵبژاردن ھەبوو، نەمێنێت.''
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''ئامانج لە سەردانمان بۆ سلێمانی یەکڕیزیی کوردە و بۆ ئەوەیە کە سەردانی برادەرانی خۆمان بکەین و لە توندیی ھەڵبژاردن ڕزگار بین و قۆناغێکی تازە دەست پێ بکەینەوە.''
فازڵ میرانی گوتیشی: دەمانەوێت وەکوو کورد کە دەچین بۆ بەغدا، یەکڕیز بین.
ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست سەردانی سلێمانیی کرد، بۆ گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی دوای ھەڵبژاردن و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا.
بڵند ئیبراھیم




