٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی پارتی بەبۆنەی جەژنی لە دایک بوونی پێغەمبەر ئیسلام (دروودی خوای لێبێ)

سەرچاوە: KDP.info
ھەولێر-KDP. info-  بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەدولمستەفا  (دروودی خوای لێبێت) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین و، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هاووڵاتیان و تێکڕای کوردستانیانی خۆشەویست.
 
 
 لەو دەرفەتەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرک و بەرپرسیارەتی هەموو لایەکمانە بە پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەکەمان هەوڵ و کۆششمان یەکبخەین بۆ پتەوکردن و قووڵکردنەوەی رەگوڕیشەی تەبایی و ئاشتەوایی و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان، هەروەها کاربکەین بۆ رەتکردنەوە و دوورخستنەوەی خوولیا و رەوتی دەمارگیری و شەڕانگێزیی و توندڕۆیی لە ناو کۆمەڵگەکەماندا.
 
بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە جەخت دەکەینە سەر ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە نموونەی نیشتمان و وڵاتی فرەئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی بووە، لە داهاتووشدا هەر ئاوا دەمێنێتەوە، بۆیە هەردەم پێکهاتەکانی بە گیانی برایەتی و لێبوردەیی لەسایەی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، ئاسوودە و ئارام و دڵنیا ژیان بەسەردەبەن و، هەموو مافێکیان لەو داب و نەریتانەی تایبەت بەخۆیان پارێزراوە.
 جارێکی دیکە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزنمان حەزرەتی محەمەد(دروودی خوای لێبێ)لە گشت موسڵمانان پیرۆز بێت...
 
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ـی ١٠ـی ٢٠٢١

هەواڵی پەیوەندیدار