د. جەعفەر ئێمینکی: پارتی چاوەڕێی کوتلەی سەرەکییە بۆ دانوستانەکانی پێکھێنانی حکوومەت

هەولێر -KDP.info- دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، لایەنە عێراقییەکان کار بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکەن و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتییش ئاشکرای کرد، پارتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ھیچ لایەنێک نییە، بەڵام لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ھەموو لایەنە عێراقییەکان ھەیە. لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە دەڵێت، سەرۆککۆمار بۆ کوردە، بەڵام پێویستە لایەنەکان لەنێو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتن.
د. جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەڵمەتی پارتی بۆ ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو، بەگوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕادەستپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، ھێشتا پڕۆسەکە دەستی پێ نەکردوە، کەی دەست بە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرا ئەوکات پەیوەندی بە پارتییەوە دەکرێت، بێگومان پارتی ھەموو کات بەرچاوڕوونیی ھەیە، چونکە پارتی دەزانێت چی دەکات و چی دەوێت و چۆن دانوستان دەکات.''
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "ھیچ ھاوپەیمانییەک لە نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکاندا نییە، بەڵام لێکتێگەیشتن ھەیە، پارتی لەگەڵ ھەموو لایەنە عێراقییەکان بە عەرەبی سوننە و شیعەوە لێکتێگەیشتنی هەیە، پارتی سیاسەتێکی ھەیە، ھیچ کاتێک ناچێتە نێو کێشەی نێوان عەرەبە سوننە و شیعەکانەوە، لەبەر ئەوەی عەرەبی شیعە کێشەی ناوخۆیان ھەیە و ئێمە نابینە بەشێک لەو کێشانە، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین عەرەبی شیعە لەنێو ماڵی خۆیاندا لێکتێگەیشتنێک دروست بکەن، ئێمە ناڵێین ھاوپەیمانی دروست بکەن، ناڵیێن ڕێککەوتن بکرێت، تەنیا لێکتێگەیشتن ھەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی عەرەبی سوننە و کورددا دانوستان بکەن.''
ئێمینکی دەشڵێت: "بابەتی لێکتێگەیشتنی نێوماڵی عەرەبی شیعە ئاسان نییە، وەک پارتی دەمانەوێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەنی نوێی عێراقدا، چونکە عێراق بە ڕەوشێکی ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەین کە ژمارەیەک ئاڵۆزیی گەورە لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەتی عێراقدا ھەیە.''
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە، د. جەعفەر ئێمینکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ھەر بۆ کورد دەبێت، پێویستە کورد لەنێو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتن، ھەتا بزانین پۆستی سەرۆککۆمار بە کێ دەدرێت، ھەموو کات پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دیاری کراوە، بەڵام جاری پێشوو ھەندێ کەموکووڕیی تێدا ھەبوو، ئەویش بە زیانی کورد تەواو بوو''.
پەیوەست بەوەی کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی دەبێت، د. جەعفەر ئێمینکی ئاشکرای کرد: "ھێشتا دیار نییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی دەبێت، یان لایەنێکی دیکە، پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش بە ھەمان شێوە، ئەو دوو پۆستە پێکەوە گرێ نەدراون.''
قائید میرۆ




