ڕێبوار ھادی: دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە

بڕیارە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەر لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانیش دەڵێت، لە یەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن.
ڕێبوار ھادی، ئەندامی خۆڵی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسا، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنەوە، ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی دەکرێت بۆ پەسەندکردن، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەرۆککۆمار داوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات.''
لەبارەی کاتی پەسەندکردنی ئەنجامەکانەوە ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەڵێت: "ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی بە چەند ڕۆژ دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی ھەڵبژاردن پەسەند دەکات، بەڵام کەی پەسەندی کرد، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.''
ڕێبوار ھادی ڕوونی کردەوە: "یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەڕێوە دەبرێت و ھەر لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان دیاری دەکرێن، ھەر لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا کوتلەی سەرکەوتوو کە زیاترین کورسیی ھەیە خۆی پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت بەڕێوە بچێت.''
قائید میرۆ




