بەدەل بەندی: خۆنەچەمێنەکان سەر کەوتن

دهۆک -KDP.info- بەدەل بەندی، فەرماندەی دیاری پێـشمەرگە لە داستانی سحێلا و عەین عویز، کە بە وشەی خۆنەچەمێنن دەنگدانەوەیەکی گەورەی کوردستانیی بە دوای خۆیدا هێنا، دەڵێت، ڕیفراندۆمی کورد ڕووناکی بوو بۆ ئەو تاریکایییەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بۆیە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەو هەنگاوەیان هاویشت.
بەدەل بەندی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەموو ئاواتی سەرۆک بارزانی ئەوە بوو وەک هەموو گەلانی تر ئێمەش ئەو مافەمان هەبێت سەربەخۆ و سەربەست بژین، بەڵام بەداخەوە تاقمی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ خەنجەریان لە پشتی کورد دا.''
ئەو فەرماندەیەی گوتیشی: ''هەموو لایەنەکان لە بڕیاردانی ڕیفراندۆمدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوون، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەشێکیان کەوتنە پلاندانان بۆ ئەوەی پارتی لەنێو ببەن، بەڵام نەیانزانی گەل لە پشت ئەم پارتییە و سەرۆکەکەیەتی.''
بەدەل بەندەی ئەوەیشی گوت: ''هێزە عێراقییەکان و حەشد و چەندین سوپای دیکەی وڵاتان لە شەڕی پردێدا بە هەموو چەک و جبەخانەیانەوە ویستیان هەولێر داگیر بکەن و وەک کەرکووک بەئاسانی بچنە نێو هەوڵیرەوە، بەڵام لە پردێ هەموو چەک و جبەخانەکەیان تێک شکا و پێشمەرگەکانی سەرۆک وانەیەکی میژوویییان بەو هێزانە دا و ئەبرامزەکانیان لەنێو بردن دواتر ویستیان لە تلسقۆفەوە بگەنە دهۆک و ناوچەکە، بەڵام پێشمەرگەکانی سەرۆک وڵامی هەموویان دایەوە و هەوڵەکانیان شکستی هێنا".
ئاماژەیشی دا، لە سحێلاوە ویستیان بگەنە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و بە هەموو چەکەکانیان و سوپای چەندین وڵاتەوە هێرشیان دەست پێ کرد، پێشمەرگەکان بە سەرپەرشتیی فەرماندە مەنسوور بارزانی و بە بیر و هزری ڕیبەری گەلی کورد، سەرۆک مەسعود بارزانی، گوتمان خۆنەچەمینن و وڵامی هەموویانمان دایەوە.''
لە کۆتاییشدا گوتی: ''خەڵک هۆشیارە و دەزانێت کێ لە کاتی تەنگانەدا بەرگریی لەم میللەت و خاکە کردووە و لەم هەڵبژاردنەدا بینیمان خۆنەچەمێنەکان بوونەتە یەکەم و گەل خیانەتکار و بەکرێگراوانیان سزا دا، ئەمەیە نیشانەیە کەوا گەلی کورد دەزانێت پارتی و سەرۆک بارزانی بوونەتە چەترێک بۆ هەموو گەلی کورد و سەرۆک بارزانی ڕیبەری گەلی کوردە و مڵکی هەموو کوردە و بۆ هەموو کورد کار دەکات.''
کاروان باعەدری




