كۆمسیۆن تەواوی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی بڵاوکردەوە و پارتی 33 كورسی بهدهست هێنا

هەولێر-KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختهی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، راگەیاند.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەلیل عەدنان خەلەف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە درەنگانی شهوی رابردوو ئەنجامیدا، کۆتاییهاتنی کارەکانی وردبینی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند.
جەلیل عەدنان خەلەف لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا باسی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کرد و رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە باشترین هەڵبژاردن بووە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کە ئەنجامدراون و کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەچوون.
گوتیشی: ئەو ئەنجامەی کەرایدەگەیەنین دەنگەکانی سێ هەزار و 68 وێستگەی دەنگدان کە بە دەست ژمێردرانەوە، خراونەتە سەری.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەوپەڕی بێلایەنییەوە کارەکانیان ئەنجامدراوە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هیچ هێز و لایەنێک و گوتیشی: دڵنیایی دەدەین کە بەیەک مەودا لە هەموو لایەنەکان دوورین.
جەلیل عەدنان خەلەف ئاشکرایشی کرد کە ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە لەسەر ماڵپەڕی کۆمیسیۆن بەردەستە و جەختی لەوەشکردەوە کە هەر قەوارە و کاندیدێک گومانی لەو ئەنجامە هەبوو، ئەوا ئەوان دەنگی هەموو وێستگەکانی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن نیشانی ئەو قەوارە سیاسیی و کاندیدەی بدەن کە گومانی لە ئەنجامەکان هەیە.
پارتی دیموكراتی كوردستان له بهشداری له پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراقدا، توانی 33 كورسی پهرلهمان بباتهوه و سهركهوتنێكی نوێ له پرۆسهكهدا تۆمار بكات .
دهنگی پارت و لایهنهكانی دیكهی كوردستانی له پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراقدا بهم شێوهیه بوو:
هاوپهیمانی كوردستانی 16 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتوو 4 کورسی، کۆمەڵ 1 کورسی، گۆڕان 0 کورسی ، سهربهخۆكان 0 كورسی .
رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و نزیکەی 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.




