ئومێد خۆشناو: ئێمە دڵنیایی دەدەین

هەولێر-KDP.info- چەند رۆژێکە کێشەی کەمیی غاز ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە قەیرانی غاز روو نادات و ئاشکرای کرد، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت، کە غاز بە نرخی گران دەفرۆشن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە پرێنسکۆنفڕانسێکدا رایگەیاند: "کێشەی کەمیی غاز تەنیا ھەولێری نەگرتووەتەوە، لەبەر ئەوەی کێڵگەی کۆمۆر لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە، ئەوەش ھۆکارە کە رێژەی غازی شل کەم ببێتەوە، ئێمە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە دانوستانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی غاز و ھەندێ رێوشوێن گیراوەتە بەر، چونکە کەمبوونەوەی غاز خواستی بەرز کردووەتەوە، ئێمە دڵنیایی دەدەین نرخی غاز بەرز نابێتەوە و قەیرانی غاز دروست نابێت".
پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: "لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک کارگە و بریکاری غاز بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون، لە ئەمڕۆ بەدواوە لێپرسینەوەی دیکەش دەکرێت و ھەر ئۆتۆمبێلێکی غاز پۆلیسێکی لەگەڵدا دەبێت، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو غازەی ھەیە دابەش دەکرێت".
خۆشناو روونیشی کردەوە: "سەرۆکی حکوومەتیش لەگەڵ ئێمە چاودێریی رەوشەکە دەکات و خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە قەیرانی غاز روو نادات و لە دوای نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکە، کێشەی کەمیی غاز کۆتایی دێت، رێژەی ھاتنی غازی شلیش زیاد کراوە و رۆژانە ٢٠ تانکەر دەگاتە ھەولێر، کە پێشتر ١٥ تانکەری غازی شل رەوانەی ھەولێر دەکرا، بۆیە دوو هەفتەی داھاتوو کێشەکە چارەسەر دەکرێت، ئەگەر هەر کەسێکیش پابەندی بڕیارەکانی دابەشکردنی غاز نەبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت ھەتا رادەی دەستگیرکردنیش".
قائید میرۆ




