دڵشاد شەهاب بۆ KDP: نێچیرڤان بارزانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بانگهێشت دەکات

ھەولێرـKDP.infoـ ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە دەستپێکی کاکردنیدا پلان و بەرنامەی دانا بۆ ئەوەی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نزیک بێت و یەکڕیز بن لە پرسە چارەنووسسازەکان، ھەر بۆیەش لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بە یەک تیم و بەیەکەوە بچنە بەغدا.
دڵشاد شەھاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دەستپێکی کارەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، یەکێک لە بابەتە جێگیرەکانی کارکردن لە ژێر ڕێنمایی جەنابیان ئەوە بووە، کە ھەرچۆنێک بێت یان بە ھەر شێوازێک بێت دەبێت نێو ماڵی کوردستان ڕێک بخرێت و لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگ و یەکڕیز بن.''
شەهاب گوتیشی: "بۆ وەبیرھێنانەوە، ھەر لە دەستپێکدا ھەوڵی زۆری دا کە فیدراسیۆنی فراکسیۆنە کوردییەکان پێکبێت، بەداخەوە ئەوکات ھەندێک بارودۆخ ڕێگر بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانیمان لێکنزیکبوونەوەیەک دروست بکرێت، کە بەسەردا کۆمەڵێک ڕێگر ھاتنە پێش، لەوانە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ھەندێک بارودۆخی تری تایبەت لە عێراق سستی کەوتە کارەکانەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا ھەوڵەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم بەردەوام بووە بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پرسە چارەنووسسازەکانیشدا تا ڕادەیەک لێکتێگەیشتن ھەبووە لە نێوان ھێزە سەرەکییەکانی کوردستان لە بەغدا، بە دیاریکراوی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا .''
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم گوتیشی: ''بەردەوام سەرۆکی ھەرێم دووپاتی ئەم بابەتە دەکاتەوە و یەکێکە لە بنەما جێگیرەکانی کاری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی ھەرێم بڕوای بە یەکڕیزییە، بەوەی کەوا کورد و کوردستانیان بەیەکەوە دەتوانن ژمارەیەکی قورس بن لە ھاوکێشەی سیاسی لە عێڕاقدا و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو ڕێچکەیە.''
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "نێچیرڤان بارزانی جارێکی تر لە کاتی دەنگدان و دوای دەنگدانیش ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بانگهێشتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی کەوا ھەرچی لە توانادا ھەیە ھەوڵ بدەین بۆ یەکخستنی تواناکان و بۆ یەکگوتاری و بەیەکەوەبوون، کە چوارچێوەکەی بریتییە لە بەرژەوەندییەکان و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەر لایەنێک ڕادەسپێردرێ بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێڕاق، واجیھەیەکی کوردستانیی ھاوبەش و پەیڕەو و پڕۆگرامێکی ھاوبەشمان ھەبێت لە بەغدا، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان بەدەست بەخەین و جێگیریان بکەین.''
فایزە کۆیی




