٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران به‌ سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی کۆدەبێتەوە و دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین و چەند پرسێکی دیکەی هەنوکەیی تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 13/10/2021، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە، و سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان، و پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاڕاستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان.

دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕال.

سێیەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بواری باج لە هەرێمی کوردستان کە تیایدا چەند ڕاسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو.

چوارەم: خستنەڕووی پێشنیاری ڕاسپاردنی هەریەک لە بەڕێزان (وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە.

هەواڵی پەیوەندیدار