٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک: نەوتی سپی بەخێرایی دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک گوتی، بە شێوەیەکی فراوان دەستیان بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا ناوچە شاخاوییەکان تەواو دەبن و لە سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکەن. گوتیشی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتمان بۆ دابین دەکات.''

موحسن تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ماوەی حەفتەیەک دەبێت، دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان کردووە و ئێستا لە زاخۆ و باتیفا و ئامێدی و کانی ماسی و شێلادزێ و دینارتە و لە شێخان و لە مانگێشکێ بە شێوەیەکی فراوان دەستمان بە دابەشکردنی نەوت کردووە و ڕۆژانە جگە لە ڕۆژی ھەڵبژاردن نەوتێکی باشمان بۆ دێت. حکوومەت دەیەوێت ئەمساڵ لە ھەموو ناوچەکان نەوت دابەش بکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکە دابین دەکات و لە ماوەیەکی نزیکدا لە سەنتەری شارەکانیش نەوت دابەش دەکەین.''

موحسن تەھا گوتیشی: ''بۆ ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوتی سپییان پێ دەدەین و نرخەکەشی بۆ پێش ماڵ بە ٥٥ ھەزار دینارە و بۆ سنووری دھۆکیش ئێمە پێویستمان بە ٥٩ ملیۆن لیتر ھەیە، بۆیە دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێت، تا ھەموو سنووری دھۆک ئەمساڵ نەوت وەردەگرێت.''

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ نەوتی سپی بۆ ھەموو ماڵان لە ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانیش دابەشکردنی نەوت دەستی پێ کردووە و زۆریش بەخێرایی دابەش دەکرێت .

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار