٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت: دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان زیاترە.. گرینگ ئەوەیە یەکگرتووبن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ھەر چەندە ئەو کورسییانەی بە دەستھاتوون بەھۆی ئەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە سەربازی کراوە و ئاسایی نییە، بەڵام پێویستە نوێنەرانی دەرچوو بە یەکگرتوویی کار بکەن، بۆ ئەوەی چیتر دۆخی ئەو ناوچانە بەو شێوەیە نەمینێتەوە و ئاسایی بکرێتەوە، ئێمەش وەکو حکوومەت ھەماھەنگ و ھاوکار دەبین.

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "راستە ئەو کورسییانەی بە دەستھاتوون رێژەیەکی باشە، بەڵام دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان زیاترە و، بەھۆی عەسکەرتاریەت کورسییەکانی کورد لە مووسڵ تا خانەقین هەمووی بە دەست نەھاتوون، چونکە لە بارودۆخێکی نا تەندرووستی و نا دەستوور بە دەستھاتوون" .

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "پێویستە ئەو نوێنەرانەی دەرچوون، ھەمووان پێکەوە بێ جیاوازی، ھەماھەنگی درووست بکەن و پێکەوە کار بۆ ئەو ناوچانە بکەن و، لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێگە نەدەن ئەم دۆخە زیاتر درێژە بکێشێت و ئاسایی بکرێتەوە".

رێبوار تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە، زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە پێشێلکراوە، لەوانە مادەی ١٤٠، بۆیە پێویستە کاری لەسەر بکەن و داکۆکی لەسەر بکەن و بەپێی دەستوور مافی کورد بدرێت.

گوتیشی: "ئێمەش وەکو حکوومەت ھەماھەنگ دەبین و دەبینە تەواوکاری یەکتر، چونکە تەنیا لە کەرکووک مافی ئێمە زیاتر لە ھەشت کورسییە، بەڵام لەم دۆخە ئەوەش خراپ نییە، گرینگ ئەوەیە یەکگرتووبن، ئەگەرنا چەند زیاتریش بن ناتوانن مافی کورد بەدەست بێنن و، بەغدا دەستی دەستیمان پێ دەکات، بۆیە گرینگە یەکریز بن و داکۆکی لە مافی خەڵکی ئەو ناوچانە بکەن".

 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار