٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری ھەولێر: ئەمڕۆ ھەڵمەتەكە دەست پێدەكەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر ڕایگه‌یاند، ھەڵمەتێك بۆ خاوێنكردنەوەی ھەولێر لە پاشماوەی ئەو پۆستەر و وێنە و ئاڵایانە رادەگەیەنن، كە لایەنەكان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەكاریان ھێناون و، ئەمڕۆش ھەڵمەتەكە دەست پێدەكەن.

ئومێد خۆشناو، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەست بە ھەڵمەتێك دەكەین بۆ ئەوەی پاشماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە وێنە و پۆستەر و ئاڵاكان خاوێن بكەینەوە، كە ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی ژینگە پیس بكات، بۆیە ئەمڕۆ ھەڵمەتەكە دەست پێدەكەین، بۆ ئەوەی ھەولێر ھەمیشە ئاوەدان و پاك و خاوێن بێت".

پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشی كردەوە: "لە بەردەم لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێ دەكەین و ھەموو ناوچەكان دەگرێتەوە، ھیوادارین كاندیدەكانیش خۆیان ئەو ھەڵوێستە نیشان بدەن و خۆیان لۆگۆكانیان لێبكەنەوە و لایەنەكانیش ئەو شوێنانەی دروشمیان لێداوە، لێیان بكەنەوە، ئەگەر كەسیش ھاوكار نەبێت، حكوومەت ئەو كارە دەكات".

خۆشناو ئەوەشی خستە ڕوو: "لە رێنماییەكاندا كە بۆ لایەنەكان دەرمان كردوون، ھەندێك شت قەدەغە كران، بۆیە تیمەكانی شارەوانی لە هەر شوێنێك وێنە و پۆستەری كاندیدان ھەبێت لای دەدەن و ئەگەر ئەوانیش نەیكەن، ئێمە ئەو كارە دەكەین".

دەشڵێ: "پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری ھەولێر دەكەین، كە ھەڵمەتی بانگەشە و پرۆسەی ھەڵبژاردن بە باشی بەڕێوە چوون و پیرۆزبایی لە دەرچووانیش دەكەین و ھیوادارین لە بەغدا بەھێزتر بەرگری لە مافەكانی كوردستانیان بكەن".

 

بڵند ئیبراھیم

    

هەواڵی پەیوەندیدار