لە ھەولێر پرۆسەی دەنگدانی گشتی بێ کێشە و سکاڵا و بە شێوەیەکی ھێمن بەردەوامە

ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئۆفیسی ھەولێر، گوتی، خەڵکێکی زۆر بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە و تا ئێستا پرۆسەکە بێ گرفت و بێ سکاڵا بەردەوامە و کاتەکەشی درێژ ناکرێتەوە.
فەرھاد ئەسعەد شێتنەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەڵکی ئێمە بە جۆش و خرۆشەوە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و پرۆسەکە زۆر بە ئارامی و ھێمنی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستاش ھیچ گرفتێک ڕووی نەداوە و تەنھا ھەندێک لێکتێنەگەیشتن ھەبوو، ئەویش چارەسەر کراوە.''
شێتنەیی باسی لەوەش کرد: ''تا ئێستا ھیچ پێشێلکارییەک نەکراوە و لایەنەکانیش لە ھەڵبژاردنەکە ڕازین و سکاڵاش نەبووە، بۆیە پرۆسەکە زۆر سەرکەوتووە و بە ڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت و سەعات شەشی ئێوارەش کۆتایی بە پرۆسەکە دێت، بەبێ درێژکردنەوە.''
بڵند ئیبراھیم




