٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە سنووری مەخموور پڕۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت"

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- لە سنووری قەزای مەخموور کە بازنەی یەکی نەینەوایە پڕۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و بەرپرسێکی پارتییش لە مەخموور داوای لە دەنگدەران کرد لەو کاتژمێرەی لەبەردەستدایە، بچن بۆ دەنگدان.

یەحیا پالانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی دەنگدان لە سنووری قەزای مەخموور بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ئەو دەنگدەرانەی لە سنووری ماددەی ١٤٠ ناویان گەڕاوەتەوە، چوونەتە بنکەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی بتوانن دەنگی خۆیان بدەن و بەشدارییان کردووە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا.''

یەحیا پالانی، داوای لە دەنگدەرانی سنووری مەخموور کرد، پەلە بکەن و لەو ماوەیەی لەبەردەستدایە خۆیان بگەیەننە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و دەشڵێت: "لە سنووری گوێڕ و قەراج ڕێژەی بەشداری دڵخۆشکەرە و ھەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان وەک خۆیان جێبەجێ کراون و ئاستەنگ دروست نەکراوە بۆ ھیچ دەنگدەرێک.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار