شێخ جەعفەر: كارگێڕ ناوچەكهمان چارەنووسی دیار نییە.. حەشد كێشە دروست دهكات

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتی، حەشدی شەعبی دەستی بە ساختەكاری كردووە و تا ئێستا سەربازێكیان كوشتووە و دووی دیكەشیان بریندار كردووە. دەشڵێ: "كادیرێكی ئێمەشیان رفاندووە و چارەنووسی دیار نییە و مەترسی ھەیە كێشەی زیاتر دروست بكەن".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "حەشدی شەعبی ھەر لە بەیانییەوە كێشەیان بۆ دروست كردین و بازگەی باوە مەحموودیان داخست تا سەعات ١٠، ئەوكات ھێزی عێراقی ھاتن تا رێگاكەیان كردەوە و لە ھەندێك بنكەش كێشەمان ھەیە لە ئامێرەكاندا و حەشدی شەعبیش بە بڵندگۆ دەگەڕێن و بانگەشە دەكەن بێ ترس، رێژەی بەشدارییش كەمە و ئەوانیش دەیانەوێت خەڵكی خۆیان بەشدار بێت و دەنگ بە ئەوان بدرێت، چونكە نیازیان خراپە، لەبەر ئەوەی خەڵك دەنگ بە ئەوان نادات".
شێخ مستەفا گوتیشی: "لەبنكەی حەمرین حەشدی شەعبی تەقەیان لە بنكەیەك كردووە و سەربازێك كوژراوە و دووی دیكە بریندار بوون، لە شارەبانیش لە بنكەیەك بە ھۆی ئەوەی رێگری كردووە ساختەكاری بكرێت، كارگێڕی ناوچەی ئێمەیان رفاندووە و چارەنووسی دیار نییە، بۆیە مەترسی ھەیە دۆخەكە بەرەو خراپتر بچێت، لەبەر ئەوە پێویستە كۆمسیۆن زۆر وریا بێت، چونكە حەشدی شەعبی دەیەوێت كێشە دروست بكات".
بڵند ئیبراھیم




