٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێپێدراوی پارتی لە كەركووك: كێشەی ئەمنی و تەكنیكی هەبوو.. سكاڵامان تۆمار كردووە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- رێپێدراوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووك دەڵێ، لە شاری كەركووك كێشەی ئەمنی و تەكنیكی هەبوو، لەگەڵ كۆمسیۆن سەرقاڵی چارەسەركردنیانین و سكاڵاشمان تۆمار كردووە.

سامان ڕەشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە شاری كەركووكیش هاوشێوەی شارەكانی تر لە كاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستی پێكردووە، هەر لە سەرەتاشەوە كێشەی ئەمنی و تەكنیكی هەبوو".

رێپێدراوی پارتی  دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووك گوتیشی: "بۆ كێشە هونەرییەكان لەگەڵ كۆمسیۆن لەسەر خەتین و وەڵامیان زۆر باشە و خەریكی چارەسەركردنیانین، چونكە ئەو كێشانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆربەی كارمەندەكان شارەزاییان لە ئامێرەكانی دەنگدان نەبوو".

ناوبراو زیاتر گوتی:" لەبازنەی دووەم لەلایەن هەندێك لە هێزە ئەمنییەكانەوە كێشە بۆ بریكارەكانمان دروست كرا و رێگرییان دەكرد بۆ ئەوەی نەچنە ژوورەوە، بۆیە سكاڵامان تۆمار كرد و كۆمسیۆنمان ئاگادار كردەوە، ئێستاش چوونەتە ژوورەوە و لە تەواوی بنكەكانی دەنگدانیش چاودێری خۆمان وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، كە بە وردی چاودێریی پرۆسەكە دەكەن".

سامان ڕەشید گوتیشی: "هەندێك رێگری هەیە كە بە شەخسی لەلایەن هەندێك ئەفسەر و پۆلیسەوە كێشە دروست دەكرێت، بۆ ئەمەش سكاڵامان تۆمار كردووە و لەگەڵ كۆمسیۆن و هەندێك لایەن لەسەر هێلین و ژمارەیەك لەو كێشانەمان چارەسەر كردووە و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوامین بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە پرۆسەكە بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت و بریكارەكانیشمان بۆ ئەم مەبەستە ئامۆژگاری كردووە كە بەپێی یاسا و بریارەكانی كۆمسیۆن هەڵسوكەوت بكەن".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار