پۆلیسی ھەرێم: پلانی ئەمنی بۆ ھەڵبژادن دانراوە و زۆر بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ھەرێمی کوردستان پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دانراوە بۆ دەنگدان و تا ئێستا بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێک ڕووی نەداوە و تەنھا گرفتی تەکنیکی ھەیە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لیوا تارق ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێش ئەوەی بێمە دھۆک بۆ دەنگدان، پەیوەندیم بە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ھەولێرەوە کرد، تا ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە دەچێت، ھەندێک کێشەی ئامێرەکان ھەبوو، ئەگەرنا لە ڕووی ئەمنییەوە ئەو پلانەی دانراوە لە ژووری ئۆپراسیۆنی ھەولێر بۆ ھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەکان دانراوە و بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا کێشە نەبووە، تەنھا لە ھەندێک شوێن قەڵەباڵغی ھەبووە، ئەویش ڕێک خراوە و چارەسەر بووە.
لیوا تارق ئەحمەد گوتیشی، ئەوانەی کێشەی بەسمەیان ھەیە لە سلکی پۆلیس، لەگەڵ کۆمسیۆن لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت .
گوتیشی، ئەوەی ھەبوو بەسمەی ھەندێک پۆلیس نەخوێندراوەتەوە کە ئەمەش کێشەی تەکنیکییە، بۆیە بەرپرسانی کۆمسیۆن لە کاردان بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن.
بڵند ئیبراھیم




