٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆشیار سیوەیلی: پێگەی پارتی لەناو خەڵک و وڵاتانی دەرەوەدا فراوان و بەهێزە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەلایەن بارزانیی نەمرەوە دەستی بە ڕێکخستنی پەیوەندی و برەودان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کردووە و دەشڵێت، وڵاتانی دەرەوە تەنیا بە یەک پێوەر پێگەی بەھێزیی حزبێک دەپێون، ئەویش ژمارەی کورسییەکانیەتی لە پەرلەمان. پێشی وایە، ئاستی پەسەندکردنی پارتی لەلایەن خەڵکەوە فراوانە، بۆیە بەو ڕێژەیە دەنگ دەھێنێت.

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی و دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی کۆنن، دەتوانم بڵێم ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وەکوو حزبێکی سەرەکیی کوردستان، پارتی دەستی کردووە بە دروستکردنی پەیوەندی و برەودان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول زیاتر پەرەی سەند و ئەویش لەڕێگەی بارزانیی نەمرەوە، وەکوو ڕابەر و سەرۆک و سەرکردەی شۆڕش لەو کاتەدا. دواتر لە شۆڕشی گوڵان ھەتا ڕاپەڕین و تا دوای ٢٠٠٣ قۆناغێکی تازەی دیپلۆماسیی کورد دەستی پێ کرد کە پارتی ڕۆڵی سەرەکیی لە بەرەوپێشچوونی ئەو پەیوەندییانەدا ھەبوو، بەتایبەتیش دوای ئازادکردنی عێراق".

ھاوکات ڕوون و ئاشکرایە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان کونسوڵخانە و پەیوەندیی فەرمیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، ناوبراو پێی وایە، ئەو پەیوەندییانە دوای ٢٠١٤ و شەڕی داعش پێیان نایە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان فراوانتر و گەورەتر بوو، ھەمیشە لەو پەیوەندییانەدا پارتی بە حوکمی پێگەکەی لەناو حکوومەتدا، وەک پێکھێنەری سەرەکیی حکوومەت کە سەرۆکی ھەرێم، سەرۆک مەسعود بارزانی، ماوەیەکی زۆر سەرۆک بوو، ھاوکات سەرۆکوەزیرانیش لە پارتی بوو، ھەمیشە ڕۆڵی گەورەیان لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئەو تۆڕی پەیوەندییانەدا ھەبووە و بێگومان تا ئێستاش بەردەوامە.

بە بڕوای سیوەیلی، لای ھەموو وڵاتان وایە کە پێش ئەوەی ھەوڵ بدەی وڵاتەکەت ئاوەدان بکەیتەوە، یان ئابوورییەکەت پێش بخەیت، پێویستە ھەوڵ بدەیت سەقامگیریی ئەمنی دروست ببێت، سەقامگیریی ئەمنییش بەبێ سەقامگیریی سیاسی نابێت، کە ئەم دوو مەرجە ھەبوو، پەرەپێدانی ئابووری و پێشکەوتنی وڵات ئاسانتر دەبێت، جەختیش دەکاتەوە، لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی بەرقەرارە و پتەوتریش بووە، ڕاستە ساڵانی جەنگی دژی داعش ھەندێک کێشە ھەبوو، بەڵام کێشەکان لەناو ھەرێمی کوردستان نەبوو، لە دەرەوەی ھەرێم بوو.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕایشیگەیاند، کونسوڵخانە و دیپلۆماسییەکان، یاخود دیپلۆماتکاران شاھێدیی ئەوە دەدەن کە کوردستان زۆر جیاوازیی ھەیە لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق، تەنانەت لەگەڵ ھەندێک وڵاتانی دنیاش کە بەراوردیان کردووە، سەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی ھەرێمی کوردستان زیاتر و چەسپاوترە.

پەیوەست بە سیاسەتی پارتییش، ھۆشیار سیوەیلی دەڵێت: وڵاتانی دەرەوەی ھەرێم پێگەی بەھێزی حزبێک تەنیا بە پێوەرێک دەپێون، ئەویش ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانە، ئەگەر ئەمە پێوەری سەرەکیی ھەڵسەنگاندنی پێگەی پارتی بێت، بێگومان پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسییە، زایدەن لەگەڵ ئەو کورسییانەی کە ھاوپەیمانەکانیشی ھەیانە، لە بەغداش یەکەم حزبە کە خاوەنی ٢٥ کورسییە، لەوەتەی حکوومەتی ھەرێم دروست بووە، پارتی چ وەکوو سەرۆکی ھەرێم چ وەکوو سەرۆکی حکوومەت ماوەی دوو ساڵ نەبێت، بە درێژاییی ئەو مێژووە پارتی باڵادەست بووە.

ھاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، ئاستی پەسەندکردنی پارتی لەلایەن خەڵکەوە فراوانە، بۆیە بەو ڕێژەیە دەنگ دەھێنێت لە کاتی ھەڵبژاردندا، ئەوەش دەلالەت لەوە دەکات کە پێگەیەکی بەھێزی ھەیە لەناو خەڵکدا. بێگومان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو پارتی خاوەنی مێژووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ جوگرافیا پارتی ڕووبەرێکی فراوانی لەبەر دەستدایە و ئەمەش بێگومان لە ڕێگەی حکوومەتەوە دەبێت، حزب پێکھێنەری حکوومەتە و پارتییش ھاوکاری حکوومەتە.

 

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار