٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری دھۆک: دەنگدان بەشێوەیەکی ساخلەم بەڕێوەده‌چێت.. کۆمسیۆن: رێژەی دەنگدان گەیشتووەتە ٤٠%

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێرـKDP.infoـ پارێزگاری دھۆک دەڵێ، تا ئێستا پڕۆسەی دەنگدان لەنێو سلکی سەربازی و ئاوارەکان باش بەڕێوەدەچێت، تەنیا گرفتی تەکنیکی ھەیە و ئەمە ئەزموونێکە تا ئەو کێشانە، کۆمسیۆن لە دەنگدانی گشتی چارەسەری بکا، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێ، کە گرفتەکان کەم بوون و چارەکراون، هاوکات رێژەی دەنگدانیش تا نیوەڕۆ گەیشتووەتە سەدا ٤٠.

پارێزگاری دھۆک دکتۆر عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە دھۆک پڕۆسەی دەنگدان لە چوارچێوەی رێککار و رێنمایی و یاسای کۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت، تا ئێستا باشە و پێشێلکاری نەبووە، پرسیارمان لە کیانی سیاسی کردووە، تا ئێستا باسی ھیچ پێشێلکارییەکیان نەکردووە، گلەیی و گازندەیان نەبووە، تەنیا گرفتی تەکنیکی ھەیە، ئەویش لە دەستەڵاتی ئێمەدا نییە، بۆیە تەنیا کێشە لە ئامێرەکان ھەیە و قەڵەباڵغی زۆر ھەیە و، ھەر یەک ھەوڵی دەنگدان دەدا و، بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و کێشەی بەرچاو نییە، داوا دەکەین بەم شێوەیە بەردەوام بێت و لە کەشوھەوایەکی ئازاد بەڕێوەبچێت".

دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: "دەنگدانی ئاوارەکان باش بەڕێوەدەچێت و ڕێکخستنی باش کراوە و، ھیچ گلە و گازندە نییە جگە لە گیروگرفتی تەکنیکی، کە پەیوەندی بە ئامێرەکان ھەیە و داوا لە ئاوارە و ھێزە ئەمنییەکان دەکەین بێن دەنگ بدەن و، لە کەشوھەوایەکی ئارام و رێنمایی کۆمسیۆن بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی دەنگ بدەن".

تەتەر باسی لەوەشکرد، ئەوە ئەزموونێکی باشە بۆ ئەوەی کۆمسیۆن کار بکەن تا کێشەکان چارەسەر بکەن، ھەندێ کێشە ھەبوون لە سلکی سەربازی، ئەویش چارەسەر بوو، ئەوەی تەکنیکی پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بێت، داوا لەکۆمسیۆن دەکەین نابێت ھیچ مخالەفە بکرێت، ببێتە ھۆی ئه‌وه‌ی تانەی لێ بدرێت و گلەییمان لێ بکرێت، چونکە دەنگدان لە دھۆک زۆر خاوێنە و ھەر بەوشێوە بەردەوام بێت و پڕۆسەکە بەشێوەیەکی ساخلەم و ئازادانە بەڕێوەبچێت.

بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: "ئەو کێشانەی تەکنیکی ئەمڕۆ درووست بوون، دەبێتە تێستێک بۆ ئێمە لە دەنگدانی گشتی دووبارە نەبێت و، بەشداریکردنی دەنگدانیش زۆر باشە و تا نیوەڕۆ گەیشتە ٤٠%، رێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەباس خالید، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کێشەی وا درووست نەبوون، لە راگەیاندندا بە گەورەیی باس بکرێت، ئێمە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، کەمتر کێشەمان هەیە، زۆر راستە حاڵەتمان ھەبووە کە کێشەیان بۆ درووست بووە، بەڵام بەشێوەی گشتی و ئێمە ھەوڵدەدەین ئەمە ببێتە تێستێک بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین".

عەباس عەزیز گوتیشی: "بەشداریکردنی سلکی سەربازی و ئاوارەکان زۆر باشە و تا سەعات ١٠:٣٠خولەک رێژەکە ٢١%بوو وتا نیوەڕۆ گەیشتە ٤٠%و، بەردەوامیش لە زیاد بوون دایە، ئەویش بەھۆی ئەوەی  خەڵکێکی زۆر ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن".

گوتیشی: "ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کێشەی تەکنیکی ھەیە، چارەسەری بکەین و کەس مافی نەفەوتێت لە دەنگدان".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار