٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردستانیان بۆ KDP: دەنگدان بە پارتی به‌ شۆڕشێکی نەرم دەزانین بۆ سه‌ركه‌وتن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- قوتابییەکی زانکۆی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاسبارێکی هەولێر، دەڵێن، تەنیا بەرگریکار لە هەرێم و مافە نەتەوەییەکانی کورد، پارتییە و دەنگیشیان هەر بۆ ئەو حیزبەیە.

فرمێسک فەرەیدوون، قوتابی زانکۆ و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەو لە بوارێکدا دەخوێنێت و هەر لەو بوارەشەوە دەڕوانێتە پارتی، کە تێیدا لە رووی پەیوەندییەکانییەوە سەرکەوتوو بووە، وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، دوای ئەو هەموو ئابڵۆقە سیاسیی و بازرگانییەی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر خرایە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام تەنیا حیزب، پارتی و سەرکردەکانی بوون، کە توانیان سەرجەم ئابڵۆقە پڕوکێنەرەکانی سەر هەرێم هەڵبگرن و ژیان و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە.

فرمێسک ئەوەشی روون کردەوە، وەکخۆی و بنەماڵەکەی لە رۆژی دەنگداندا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و پەیوەندییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی، لە پێناو بوژانەوە و گەشانەوەی هەرێمی کوردستان، دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، داواش دەکا، هاووڵاتیانی کورد دەنگ بە پارتی بدەن، بەو پێیەی بەهێزی پارتی واتە بەهێزی هەرێمی کوردستان و وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد.

شەماڵ عەبدوڵا هاووڵاتییەکی کاسبە و دوکاندارە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەو وەک کاسبکارێک لە دوای نەمانی رژێمی بەعسەوە، رۆژانە ئاگاداری هەواڵ و رووداوەکان بووە، وەکخۆی جەختی لێکردەوە، لە هەر کێشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان یا گەلی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە درووستکرابێ، تەنیا پارتی بووە، کە بەرگری کردووە، نموونەی بە هێنانی هێزی دیجلە هێنایەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا روویدا و تەنیا پارتی هێزی بۆ بەرەنگارییان کۆکردەوە و لایەنەکانی دیکە بێدەنگ بوون، وەک چۆن لە١٦ی ئۆکتۆبەریش هاتن قەوارەی هەرێم نەهێڵن، تەنیا پارتی سەرسەختانە بەرگرییەکی کرد و جیهانیش ناچار بوو، کە لە پێناو ئەم گەلەدا بێنە قسە و رەوشەکە ئاسایی بکەنەوە.

ئەو باسیش لەوە دەکا، کە ئەندامانی پارتی دەچنە ئەنجوومەنی نوێنەران، وەک ئەندامانی هەندێ لایەن نین، کە نەک توانای بەرگرییان لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نییە، بگرە یا قسە ناکەن، یانیش ئەوەتا دژی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەیان ئەدوێن.

شەماڵ دووپاتی کردەوە، لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا خۆی و خێزانەکەی دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و بە خۆشحاڵییەوە دەنگ بە پارتی دەدەن، وەکخۆی گوتی: "منیش ئەوە بە تێکۆشان و شۆڕشێکی نەرم دەزانم، کە لە رێی دەنگدانەوە بۆ گەل و کوردایەتی بیکەم، دەنگدانە بە پارتی".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار