٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاتژمێر حەوت دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- کاتژمێر حەوتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی ئەو دەنگدەرانەدا دەکرێتەوە کە لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدانەکەش تاوەکو کاتژمێر 6ی ئێوارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت. 

لە دەنگدانی تایبەتدا، ئەو هێزانەی دەنگدەدەن بریتین لە هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ لە عێراق، جگە لە حەشدی شەعبی، هەروەها هێزەکانی سەر بە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان.

لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. 

دەنگدانی تایبەت لە 595 ناوەندی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، کە 2584 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. بەڕێوەدەچێت ئاوارەکان لە 86 ناوەندی دەنگدان دەنگدەدەن کە پێکهاتوون لە 309 وێستگەی دەنگدان. زیندانییەکانیش لە شەش بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، ئەوانەی هەرێمی کوردستان بریتین لە چاکسازی گەورانی هەولێر، دهۆک، چاکسازی گەورانی سلێمانی و چاکسازی ژنانی سلێمانی. 

لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە 122 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، 52 لە هەولێر، 41 لە سلێمانی و 29 لە دهۆک.

لەو پارێزگایانەش بەشێکیان دەکەونە سنووری ناوچەی ماددەی 140، دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە 130 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت. 38 لە نەینەوا، 37 لە دیالە، 30 لە سەڵاحەدین و 25 لە کەرکووک.

ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، لە 60 بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، 31 لە دهۆک، 20 لە هەولێر و 9 لە سلێمانی.

لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش ئاوارەکان لە 7 بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، 4 لە کەرکووک، 2 لە دیالە و 1 لە نەینەوا.

هەواڵی پەیوەندیدار