دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی: مەترسی ھەیە ھێزە چەکدارەکانی شنگال ساختەکاری بکەن

هەولێر-KDP.info- پارتی ترسی لە ھێزەکانی شنگال ھەیە کە ڕۆژی ھەڵبژاردن ساختەکاری بکەن و بریکاری یاساییی پارتییش دەڵێت، سکاڵامان لەسەر پەکەکە تۆمار کردووە و پێویستە کۆمسیۆن ڕێگە بۆ ئاوارەکان فەراھەم بکات بۆ ڕۆژی دەنگدان.
ھاوار محەمەد، بریکاری یاساییی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پارتی لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق سکاڵامان لەسەر پەکەکە تۆمار کردووە بە تۆمەتی ڕێگریکردن لە کاندیدانی پارتی و، داوامان لە کۆمسیۆن کردووە ڕێگە لە پێشێلکارییەکانی پەکەکە بگرێت بەرانبەر بە دەزگە فەرمییەکانی ئێمە و کاندیدانی پارتی، پارتی ھێزی ھەیە بچێتە شنگال و ڕێگە بکاتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەکی شارستانی بانگەشە بکەین.''
ھاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە ترسمان لەوەیە ڕۆژی ھەڵبژاردن ئەو ھێزانەی دەسەڵاتیان بەسەر شنگالدا سەپاندووە، ساختەکاری بکەن، لەبەر ئەوە پێویستە و ئەرکی کۆمسیۆنە کە کار بکات بۆ ئەوەی سبەی، ڕۆژی ھەینی و ڕۆژی ١٠ی مانگیش، ڕێگری نەکرێت لە ھاتوچۆی دەنگدەران بۆ شنگال و کەرکووک و ھەموو ئەو ناوچانەی ھێزی ناشەرعی و توندڕۆ تێیاندا دەسەڵاتدارە.''
قائید میرۆ




