٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: پارتی سەرکەتوو بووە لە بەڕێوەبردنی بانگەشە ھەڵبژاردندا

سەرچاوە: KDP.info

لە ماوەی سێ مانگی بانگەشەی ھەڵبژاردندا پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی سەردەمیانە کەمپینی بانگەشەی بەڕێوە برد و چاودێرانیش پێیان وایە پارتی بانگەشەیەکی سەردەمیانەی بەڕێوە برد، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، سەردەمی موزایەدە بەسەر چووە و پێویستە وەک پارتی بانگەشە بکرێت.

نەوزاد ھێتووتی، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی ئەم جارە زۆر بە شێوەیەکی ھێمن بەڕێوە چوو، دەتوانم بڵێم زۆر جیاواز بوو لە بانگەشەکانی ڕابردوو، ھەتا گوتاری پارتی گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و گوتاری پارتی زیاتر نەرمیی پێوە دیار بوو، ھەرچەندە لایەنەکانی دیکە ھێرشیان دەکردە سەر پارتی لە بانگەشەدا، بەڵام بە دیدی من، پارتی باشترین بانگەشەی بەڕێوە برد، ئەمەیش باشترین شێوازی بانگەشەی سەردەمیانەیە.''

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: "خەڵکیش تێ گەیشتووە کاتی موزایەدە بەسەر چووە، پێویستە لایەنەکانی دیکەش ھاوشێوەی پارتی زیاتر بەرنامە و پلانەکانیان بۆ دەنگدەر ڕوون بکەنەوە، نەک موزایەدە بەسەر یەکەوە بکەن، ھەتا کاک نێچیرڤان خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە عێراقیش گۆڕانکاری پەیدا بووە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن، لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لایەنە عێراقییەکان بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەر و شەقام زیاتر ھێرشیان دەکردە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵک و لایەنە عێراقییەکانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی باوی ئەو جورە ھێرش و موزایەدانە بەسەر چووە.''

ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە مێژووی ھەرێمی کوردستاندا ئەمە بۆ جاری یەکەمە بانگەشەیەکی وەھا سەردەمیانە بەڕێوە دەچێت، ئەویش بانگەشەی پارتی بووە، ئارامترین پڕۆسەی بانگەشە بووە کە پارتی بەڕێوەی بردووە، زیاتر لە بانگەشەی وڵاتێکی پێشکەوتووی جیھان دەچوو، ھیوادارین لایەنەکانی دیکەش لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا چاو لە بانگەشەی پارتی بکەن و بە شێوەیەکی ئارام و بێ ناوزڕاندن و کێشە و موزایەدە بانگەشەی خۆیان بەڕێوە بەرن''.

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار