شاخەوان عەبدوڵا: پارتی بە شکۆ و ئاڵای کوردستانەوە بارەگاکانی لە کەرکووک دەکاتەوە

کەرکووک -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٣٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەکی کەرکووک گوتی، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەشکۆ و ئاڵای کوردستانەوە بارەگاکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک دەکرێنەوە و ھێزی پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و جگە لە ھێزی ناوخۆیی، ھێزی دیکە لە شارەکەدا نامینێن.
شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی ژمارە ٣٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەکی کەرکووک، لە کاتی کردنەوەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرگەڕان گوتی: ''ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی پر شکۆدا بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرگەڕان بە ئاڵای کوردستان و پارتییەوە کرایەوە، چونکە ھەردوو ئاڵاکە ھەمیشە پێکەوە بوون و لە کوێ بارەگای پارتی ھەبێت بەشکۆوە دەکرێتەوە و ئەمە بڕیاری ئێمەیە و بەردەوام دەبین لەسەر کردنەوەی بارەگاکانی دیکە و ئەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقی ٣ی پارتی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە ھەمان شکۆ و بە ئاڵای کوردستانەوە دەکرێنەوە و ھێزی خۆمان دەیپارێزن، ئەمەش ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەیە کە بە سەربازی کراوە، بۆیە ڕێک کەوتووین کە جگە لە ھێزی ناوخۆیی، نابێت ھیچ ھێزێکی دیکە لە کەرکووک بمینێت.''
شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی: ''لە ئایندەیەکی نزیکدا ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و ئەوەش ڕۆحێکی دیکە دەداتەوە بەو خەڵکە، بۆیە چۆن هەمیشە لەگەڵ خەڵکی خۆمان بووینە، هەر بەردەوامیش دەبین لەگەڵیان.''
بڵند ئیبراھیم




