ناسکە عەبدوڵا: هاووڵاتییانی ئیدارەی ڕاپەرین دەنگ بە ئێمە دەدەن

ڕاپەڕین - KDP.info - كاندیدی ژماره 30ی پارتی دیموكراتی كوردستان له بازنهی چواری سلێمانی بۆ ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دەڵێت، کار دەکەین بۆ ئەوەی مەرزی کێلێ بکرێتە نێودەوڵەتی و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە و، بەهێزەوە کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو یاسایانەی هێز دەدەن بە قەوارەی یاساییی هەرێمی کوردستان.
ناسکە عەبدوڵا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەڕۆمە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ داکۆکی لە مافی نەتەوەکەم و بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە و کار دەکەم لەسەر تەواوی ئەو ماددە و بڕگە دەستووری و یاساییانەی لە خزمەت هەرێمی کوردستاندان".
ناسکە عەبدوڵا گوتیشی: "ئەو بازنەیەی خۆمم تێدا کاندید کردووە کە دەڤەری ڕاپەڕینە، نەهامەتیی زۆری بەسەردا هاتووە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنفال و کیمیاباران کراوە، شەهید و بریندار و کاولکاریی زۆرە، دەمەوێت لەڕێگەی یاساوە قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکرێتەوە و کەسوکاری شەهیدان سوودمەند بن".
دەشڵێت: "کار دەکەم بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەکە و بۆ ئەوەی گرنگی بدرێت بە کشتوکاڵ و داوا دەکەین چەند پردێک دروست بکرێت، تاکوو ئەوەی گرنگە بۆ کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ناوچەکە جێبەجێ بکرێت و کار دەکەم بۆ جێبەجێکردنی یاساییی بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێ، بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان سوودی لێ ببینن و هەلی کار بۆ لاوەکانمان دەستەبەر ببێت، کاریش دەکەین وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ددان بنێت بە زانکۆی ڕاپەڕیندا، تاکوو قوتابییەکانی بتوانن ماستەر و دکتۆرا بخوێنن".
''خەڵک زۆر بە گەرموگوڕییەوە پێشوازیمان لێ دەکەن، ئەوانەی نەیاریشمان بوون، ئێسته پێوەندیمان پێوە دەکەن و دەڵێن هەڵخەڵەتێندراوین، ئەم جارە دەنگمان بۆ تۆ دەبێت و ئەم جارە تۆ دەکەین بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان.'' ناسکە عەبدوڵڵا وای گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




