سبەی بانگەشە بەردەوام دەبێت و 9ـی مانگیش كۆتا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنه

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەكان لە ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەردەوام دەبێت و رۆژی 9ی مانگ بەكۆتا دێت.
فەرهاد ئەسعەد شیتنەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان و سەربەخۆكان، لە كاتژمێر 7:00ـی بەیانیی ڕۆژی شەممەی داهاتوو 9ـی تشرینی یەكەمی 2021 بەكۆتا دێت و پاش ئەو وادەیە هیچ كاندیدێك نابێت بانگەشە بكات".
بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەكان لە ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتیشی، سبەی هەینی 8 ی 10ی 2021 لە كاتی دەنگدانی تایبەتدا پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێت دوور بێت لە بنكەكانی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان، چونكە هەر كاندیدێك بانگەشە لە نزیك بنكەكانی دەنگدان بكات، بەپێی بریاری كۆمسیۆن سزا دەدرێت".
شیتنەیی، لەبارەی دەنگدانی تایبەتیش گوتی: "دەنگدانی تایبەت كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە، هەروەها پەنابەرەكان و زیندانیانیش لە هەمان ڕۆژدا دەنگ دەدەن".
بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سبەی ڕۆژی هەینی 8ی 10ی 2021 زیاتر لە ملیۆنێك كەس لە دەنگدانی تایبەت لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی تونددا دەنگ دەدەن.
رۆژی 10 ی 10ی 2021، بڕیارە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بەشداریی نزیكەی 25 ملیۆن دەنگدەر لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
نەشوان بەرزنجی




