گهنجان بۆ نێچیرڤان بارزانی: دەتوانین مونافەسەت بکەین و لێت ببەینەوە

سلێمانی-KDP.info- لاوان دەڵێن، دەتوانین ڕۆژی دەنگدان لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ببەینەوە و پێش سەعات ٧ـی بەیانی لە بەردەم بنکەی دەنگدان دەبین و دەنگ بە پارتی دەدەین، لە کۆمێنتیش دەنووسین: سەرۆک پێش تۆ دەنگمان دا.
هەژێن لوقمان، دەنگدەری پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هیوادارم هەمووان بە نەفەسی ئەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان بۆ کاندیدانی پارتی، پێش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە بنکەی دەنگدان ئامادە بین، هەوڵ دەدەم لێی بەرمەوە، دەنگ دەدەین لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان".
فەرەیدوون تاوگۆزی، دەنگدەری پارتی لە شارەزوور، لای خۆیەوە گوتی: "پێویستە بە حەماسەوە ئەندام و لایەنگران و کادیرانی پارتی بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، ئێمە وەک کادر و لایەنگرانی پارتی لە خزمەتی حزبەکەمان و ڕێبازی بارزانیدا دەبین، سەرکەوتنی پارتیش، سەرکەوتنی گەلی کوردە، وەک چاڵنجێک هەوڵ دەدەم یەکەم کەس بم دەنگ بدەم و لە فەیسبووک بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی دابنێم".
زریان فاتیح، ئەندامی پارتی لە وەڵامی چاڵنجی نێچیرڤان بارانی دەڵێ: "هەمووان بە یەک دەنگ دەڕۆینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدەین بە پارتی، ئەوەش گەورەییە بۆ گەلی کورد، بە کاک نێچیرڤان بارزانی دەڵێم، پێش ئەو لەسەر سندووقی دەنگدان دەبم، لە کۆمێنتیش بۆی دەنووسم، دەنگم بە پارتی داوە".
تەها حاجی سەعید، کارگێڕی ناوەندی باڵای دەوروبەری سلێمانیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ: "لە ڕێی ماڵپەڕەکەی ئێوەوە بە جەنابی جێگری سەرۆکی پارتیمان دەڵێم، یەکێکم لەو دەنگدەرانەی پارتی و بارزانی و دەتوانم مونافەسەی بکەم و پشت بە خوا پێش کاتژمێر ٧ـی بەیانی لە بەردەم بنکەی دەنگدان دەبم و یەکەم کەس دەبین دەنگ بدەین، وەک لاوێکیش بە گەشبینییەوە دەڵێم، دەنگی پارتی لە سلێمانی هەڵدەکشێت، چونکە خەڵک هۆشیار بووەتەوە و بڕوا بە چەواشەکاری ناکەن و روو لە پارتی دەکەن".
عەزیز ڕەسووڵ




