٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: دەنگدان بە خەسرەو گۆران، دەنگدانە بە دوێنێی سەرفرازی و ئەمڕۆی لێھاتوویی

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش -KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دەڤەری بەردەڕەش پێگە و لانەی ڕێکخستنەکانی پارتی بووە لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ئێستا، بۆیە لەم دەڤەرە کاندیدتان ھەیە کە ئەویش خەسرەو گۆرانە، دەنگدان بە خەسرەو گۆران، دەنگدانە بە دوێنێی سەرفرازی و ئەمڕۆی لێھاتوویی.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاھەنگێکی جەماوەریدا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن لە بەردەڕەش گوتی: "لە ساڵی ١٩٧٠ ھەڵبژاردنی ڕێکخراو و ناوچەی ئاکرێمان لەم بەردەڕەشە کرد، چونکە ئەو ناوچەیە پێگە و لانەی ڕێکخستنەکانی پارتی بووە لە سالانی١٩٦٠ تا ئێستا. کە ڕێککەوتنی ١١ی ئادار کرا یەکەم جار کۆنفرانسی حزبمان لەم دەڤەرە کرد و مەرحووم ئیبراھیم عەزیز عەبدۆ، بەرپرسی ڕێکخراو و ئەندامی ناوچە بووە و تێکۆشەرانی ئێمە لەم دەڤەرە بوونە کە بەشێکیان بوونە بەرپرس و، ئەم دەڤەرە شەھیدێکی زۆریشی داوە لەپێناو ئەم ئەزموونە و بەدیھێنانی مافە نەتەوایەتییەکان، لە بەردەڕەش خێزان ھەیە سێ شەھیدی داوە، ئەویش بنەماڵەی کوێخا سمک.''

فازڵ میرانی گوتیشی: ''ئەوەی ئێمە باسی دەکەین مێژووە و ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییە و ئەو گەنجانە ئاوڕ بدەنەوە باب و باپیرانیان ئەمڕۆیان دروست کردووە و ئێمەی کورد لە وڵاتی خۆمان ئازادین و بە زۆرەملێ شوێنەکانی خۆمان جێ ناھێڵین و بەزۆریش نابینە چەکدار و نابینە ھەواڵگری و حەشدی شەعبی و لە وڵاتی خۆمان ئازادین، کەموکووڕی ھەیە، بەڵام لە بەرانبەر ئازادیدا قیمەتی نییە.''

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کرد: ''ئەمڕۆ بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، ئەوەی لێی دەمینێتەوە پێگەی ئێمەیە لە بەغدا و ئەوەی کە ئێمە کێ دەنێرین بۆ بەغدا و بۆچی دەچێت بۆ بەغدا، چونکە عێراق پێک ھاتووە لە فیدراڵیەتێکی ئیختیاری و ئێمە بە ئیختیاری خۆمان بووینە بەشێک لە عێراق و ناردنی کەسانی لێھاتوو بۆ بەغدا بەردەوام بوونە لە بەدەستھێنانی مافەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان.''

فازڵ میرانی گوتیشی: ''بەپێی یاسای ئەم ھەڵبژاردنە، بازنە دروست کراون و کاندیدی ئێمە بۆ ئەم بازنەیە کوڕێکی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە کە ئەویش ھەڤاڵی تێکۆشەر، خەسرەو گۆرانە، ئێستا زۆر کەس لە ئێوە خەسرەو گۆران دەناسێت کە ھەندێک پۆستی وەرگرتووە، وەکوو ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری پارێزگاری مووسڵ، بەڵام خەسرەو گۆران ناناسن کە لە کاتێکدا گەنج بوو، خوێندنی بەجێ ھێشت و بووە پێشمەرگە، بۆیە دەنگدان بە خەسرەو گۆران، دەنگدانە بە دوێنێی سەرفرازی و ئەمڕۆ لێھاتوویی.'' 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار