شێخان، سەیدسادق و خەبات.. شەپۆلی هاتنە ناو ریزەكانی پارتی دەستی پێكرد

هەولێر-KDP.info- لە هەرسێ شارۆچكەی شێخان، سەیدسادق و خەبات، شەپۆلی هاتنە ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن لایەنگر و ئەندامانی حزبەكانی دیكە دەستی پێكرد، بەرپرسانی پارتیش دەڵێن، لێشاوی هاتنی خەڵك لە حزبەكانی ترەوە بۆ ناو ریزەكانی پارتی بەردەوامە و خەڵكیش پارتی بە پارێزەری دەستكەوتەكان دەزانن.
بەرپرسی لقی ٢٠ـی پارتی لە شێخان ڕایگەیاند، ژمارەیەكی زۆری كادر و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانی هاتنە ناو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
عەبدولخالق بابیری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند، ئەو كەس و لایەنگرانەی هاتوونەتە ناو پارتی، لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوان، كە ژمارەیەكی زۆرن و گەیشتنە ئەو بڕوایەی تەنیا پارتییە دەتوانێ پاڕێزەری پێكهاتەكان و هەرێمی كوردستان بێ.
بابیری گوتیشی: "لێشاوی هاتنی خەڵك لە حزبەكانی ترەوە بۆ ناو ریزەكانی پارتی بەردەوامە، خەڵكیش پارتی بە پارێزەری پێكهاتەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەزانێت".
لە لایەكی دیكەوە، عارف محەمەد كاكی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە سەیدسادق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەپولێكی گەورەی پارتیبوون لە سەیدسادق دەستی پێكردووە و خەڵكێكی زۆر ڕوو لە بارەگای ناوچەمان دەكەن، خەڵك بۆیان دەركەوتووە تەنها پارتی دەتوانێت مافەكانیان دەستەبەر بكات".
عارف محەمەد گوتیشی: "تەواوی ئەو كەسانەی دێنە ناو پارتییەوە، ئەندامانی یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و حزبەكانی ترن، چونكە دەزانن ئەو حزبانە نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵك و ئەو كەسانەش بكەن، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێدەكەین و هیوادارین شەپۆلی پارتیبوون بەردەوام بێت".
بەرپرسەكەی پارتی لە سەیدسادق زانیاریی زیاتری دا و دەڵێ: "پارتیبوون بەردەوامە و ئێمە دڵنیاین لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی پارتی زۆر زیاتر دەكات لە چاو هەڵبژاردنەكانی پێشوو".
هاوكات لە سنووری قەزای خەبات، ژمارەیەك خانەوادەی دیكە پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتییەوە كرد و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، دەرگای پارتی واڵایە بۆ ھەموو كەسێك و پارتی ماڵی گەورەی ھەموو كوردستانیانە.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە نوێنەرایەتیی تێكڕای پێكھاتەكانی كوردستانی كردووە، لەبەر ئەوەی پارتی زۆر لە فكرەیەكی سیاسیی دیاركراو گەورەتر بووە و شوێنی ھەموو كەس لەنێو پارتیدا دەبێتەوە، لە ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای خەبات، خانەوادەیەكی گەورە و خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی، پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتیمانەوە كرد".
بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوانە ژمارەیەكی بەرچاوی خێزانی ناوچەكەن و پێشتر لەنێو یەكێتیدا بوون، بەڵام بە ھۆی راستی و دروستیی سیاسەت و خەباتی پارتی، پەیوەندییان بە پارتیمانەوە كردووە و لەمەودوا لەنێو ریزەكانی پارتی و لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن".
كــاروان بــاعەدری – عەزیز رەسووڵ- قائید میرۆ




