٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاسبکارانی بازاڕی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ KDP: گرینگە پارتی تاقی بکرێتەوە لە سنوورەکەمان

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی 10/10ی ئەم مانگه‌ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، خاوەنکارانی بازاڕی هەڵەبجەش دەڵێن، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، متمانەی خۆمان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی دەدەین، تاوەکو ئاسایشی بازاڕ پارێزراو بێت.

ئیبراهیم ئەحمەد، دووکانداری وشکەفرۆش لە ناوبازاڕی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت بازاڕێکی سەقامگیرمان هەبێت دوور لە شڵەژانی ئابووری و ترس و تێکچوونی بازاڕ، بۆیە بڕواشم وایە پارتی دەسەڵاتدار بێت، دۆخی ئابووریی بازار‌ زۆر باش دەبێت، لەبەر ئەوە بڕیارم داوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگم بۆ کاندیدی پارتی دەبێت، داواش لە هاوپیشەکانم دەکەم دەنگ و متمانەی خۆیان بە پارتی ببەخشن".

شنۆ کاکەوەیس، کە لە قەیسەریی شنروێ دووکانی بابەتی ئافرەتانەی هەیە، لای خۆیەوە گوتی: "هەموو کات پارتی لە پشتی بەهێزکردنەوەی ئابووریی کوردستان بووە و بازاڕ بووژاوەتەوە، ئێمە بڕوامان وایە پارتی بەهێز بێت، سەقامگیری بازاڕ زۆر باش دەبێت، ئێمە نەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەند ڕۆژی ئایندە بۆ پارتی دەنگ دەدەین، بەڵکو بڕیارمان داوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان دەنگ بە پارتی بدەین، پارتی لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی هەبێت ئەوە بازاڕ بووژانەوەی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، ئیدی گرنگییشە پارتی تاقی بکرێتەوە بۆ حکومڕانی لە سنوورەکەمان".

وەستا ئاراس، خاوەنی چێشتخانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "بڕوام بە پارتی هەیە، بۆیەش دەنگم بۆ پارتییە، دەزانم بە بەهێزیی پارتی، دۆخی ئابووری زۆر باش دەبێت و بازاڕ دەبووژێتەوە، ئێمەی خاوەنکار دەمانەوێت بازاڕێکی سەقامگیرمان هەبێت هاوشێوەی هەولێر و دهۆک و تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، ئاخر ناکرێت لە هەموو ململانێیەکی سیاسی لەم ناوچەیە دۆخی بازاڕ شڵەژانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە پارتێک هەڵدەبژێرم هەرگیز ترسم لە ئایندەی کارەکەم نەبێت".

کاروان سەید محەمەد، فڕۆشیاری سەوزەوات لە ناوبازاڕی هەڵەبجە، قسەی بۆ کردین و گوتی: "بڕیارم داوە لەم هەڵبژاردنە کە چەند ڕۆژێکی ماوە، دەنگ بە پارتی و کاندیدەکەی دەدەم، هیچ حزبێکی تر نابینم لە پارتی باشتر بۆ ئیدارەدانی وڵات لە ناوخۆ و بەهێز لە دەرەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەمان، تاکو پارتیش بەهێز بێت، ژێرخانی ئابووریی بازاڕ زیاتر دەبووژێتەوە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار