کاندیدێکی پارتی: کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەمنیەت بۆ ناوچە کوردستانییەکان

مووسڵ -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای مووسڵ گوتی، بەڵێن دەدەین کە بچینە بەغدا کاری جددی دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمنیەت بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئێستا لە دۆخێکی خراپی ئەمنیدا دەژین.
شەریف سلێمان عەلی، کاندیدی ژمارە ٢٠ی بازنەی دووی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بچینە بەغدا یەکەم کارمان ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەبێت بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی، چونکە ئەو خەڵکە زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکاتەوە و جارێکی دیکە ئەمنیەت بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، ئەوە خاڵی ھەرە گرنگە.''
شەریف سلێمان عەلی گوتیشی: ''ئەوەی لای خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان گرنگە، ھەبوونی ئەمنیەتە، چونکە دۆخی ئەمنی زۆر خراپە و ئەو ھێزانەی لەوێشن ناتوانن ئەمنیەتی ناوچەکە بپارێزن، بۆیە کاری جددی دەکەین بۆ ئەوەی ئەمنیەت بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و بەئارامی ژیانی خۆیان ببەنە سەر، چونکە تا ئەمنیەت نەبێت، ژیان بە ھەر جۆرێک بێت، ئەستەم دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




