٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەنگ بە پارتی دەدەن"

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری پارێزگای مووسڵ کە ھەرسێ قەزای تەلەعفەر و زوممار و عەیازیە دەگرێتەوە، گوتی، ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانە بۆ ھەموو عێراق، بۆیە خەڵکی سنووری مووسڵ، بەتایبەت بازنەی ئێمە دەیانەوێت ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و ببنە بەشێک لەو جوانییەی ھەرێم ھەیەتی.

ئیبراھیم قەبۆ، کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی چواری پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە دەمانەوێت بچینە بەغدا بۆ ئەوەی وەک لە ھەرێمی کوردستان خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکرێت، بە ھەمان شێوە لە سنووری خۆشمان کە ناوچە کوردستانییەکانە خزمەت بکەین، چونکە سنووری پارێزگای مووسڵ وەکوو پێویست خزمەت ناکرێت و خەڵک پشتگوێ خراوە، بۆیە ھەوڵ دەدەین ئەو ناوچانە بکەونەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەویش لەڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠وە دەکرێت.''

ئیبراھیم قەبۆ گوتیشی: ''دەمانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاوەدانییەوە بۆ ناوچەکانی سنووری مووسڵ بگوازرێتەوە، بەھۆی نەبوونی کورد و پارتی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە، بۆیە خەڵک بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە دەیانەوێت دەنگ بەئێمە بدەن، بۆ ئەوەی لە ناوچەکانیان ھاوشێوەی ھەرێم، ئاوەدانی و ئارامی و ئازادی بێت، چونکە ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانە بۆ ھەموو عێراق، ئێمەش بچینە بەغدا کاری جیددی بۆ ئەو خەڵکە دەکەین، تاکوو داواکانیان جێبەجێ بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار