ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن درێژ كرایەوە

هەولێر-KDP.info- یاریدەدەری ھونەریی بەڕێوەبەری لقی ھەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دوو رۆژی تر لە 7ی مانگ بۆ 9 ی مانگ درێژ كرایەوە.
بۆتان شێركۆ، ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڕیار درا بە درێژكردنەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
یاریدەدەری ھونەریی بەڕێوەبەری لقی ھەولێری كۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق گوتیشی، رۆژی 7 ی 10 كۆتا وادە بوو بۆ پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا بۆ رۆژی 9 ی ئەم مانگە درێژ كرایەوە.
شایەنی باسە، بۆ یەكەم جارە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرترین ماوەی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دیار كراوە، كە نزیكەی سێ مانگە.
بڕیارە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، بە بەشداریی نزیكەی 25 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
نەشوان بەرزنجی




