پارێزگاری هەولێر: حکوومەتی هەرێم لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکاندا نییە

هەولێر-KD.info- ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد ئەلزاهیری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هەولێر و مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دابەشکردنی 100 خێوەت بەسەر ئاوارە ئێزدییەکاندا ڕاگەیەندرا.
لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پاش ئەوەی هەندێک زانیاریمان پێ گەیشت کە لە هەندێک کەناڵی میدیاییشەوە بڵاو کرایەوە سەبارەت بەوەی کە ڕەوشی ژیانی 100 خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی هەولێر خراپە، لەو پەیوەندییەدا سپاس بۆ تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکانی هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بەدواداچوونیان کرد و دەرکەوت ئەو خێزانانە پێوستیان بە هاوکاری هەیە، سپاس بۆ بەڕێز کونسوڵی گشتیی ئیماراتیش کە ئەمڕۆ بەهاوکاریی ئەوان ئەو هاوکارییە پێشکەش بەو ماڵباتە سەربەرزانە دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ''ئێمە وەکوو پارێزگای هەولێر جەخت دەکەینەوە کە بە هۆکاری سیاسی لە عێراقەوە باس لە داخستنی کەمپەکان و گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان دەکرێت و ئەمەش بووەتەوە هۆی ئەوەی کە ئاژانسەکانی یوئێن و ڕێکخراوە کۆمەکبەخشەکان وەکوو پێویست هاوکاریی کەمپەکان نەکەن. ئەوەش بارگرانیی زیاتر دەخاتە سەرشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان''.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکاندا نییە، بەڵکوو بە ئارەزووی خۆیان تا ئەو ڕۆژەی بڕیار دەدەن، ''ئێمە بەپێی توانا لە خزمەتیاندا دەبین و جارێکی دیکەش سپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی حکوومەت بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر لە خزمەت ئاوارەکاندا بێت''.
پارێزگاری هەولێر سپاسی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی لە هەرێمی کوردستان کرد کە پشتیوان بوون بۆ هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە جێپەنجەیان لەو بوارەدا دیارە.
هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا، کونسوڵی گشتیی ئیمارات سپاسی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کرد بۆ ئەوەی هەمیشە هەوڵیان داوە خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران بکەن.
گوتیشی: ئەمڕۆ لێرە چەند پرەنسیپێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمان دەکاتەوە بۆ خزمەتی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدا. ئەمە رێچکەی بەردەوامی ئیماراتە بۆ هاوکاریی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەوڵەکانمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا کونسوڵی ئیمارات ئاماژەی بە سەردانەکانی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئیماراتی کرد و ئەوەی بە نیشانەی برایەتی و هەماهەنگیی زۆر پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییش سپاسی وڵاتی ئیمارات و کونسوڵی ئیمارات و پارێزگاری هەولێر و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێری کرد و گوتی، ئێستا لە وەرزی زستان نزیک دەبینەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم وەرزە بۆ ئاوارەکان زۆر گرنگە.
گوتیشی: لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە ئاوارە و پەنابەرەکان لێرە مێوانی ئێمە بوون، جێدەستی هاوکارییەکانی ئیمارات دیارە، نەک هەر بۆ ئاوارە و پەنابەران، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و نەک هەر لە بوارێکدا، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بواری تەندروستی، پەروەردە، خۆراک و ئاوەدانکردنەوە هاوکار و پشتیوان بوون.
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بە کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا زیاتر لە 35 کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە هیوادارین هەموو لایەک هاوکار بن، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە خزمەت ئاوارە و پەنابەراندا بن.




