شاندێکی پەرلەمانی سوید و پەیوەندییەکانی دەرەوەی "پ. د. ک" کۆبوونەوە

هەولێر-KD.info- لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن هەریەک لە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و بە رپرسی دیسکی ئەورووپای مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک). پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی چەپی سوێدی کرا.
شاندی پارتی چەپی سویدی پێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران هۆکان سڤێنێلینگ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سوید و سەرۆکی شاند، خاتوو یاسمینی پۆسیۆ نیلسۆن، ئەندامی پەرلەمان و خاتوو یەکبوون ئەلپ، ئەندامی شارەوانی ستۆكهۆلم سەر بە پارتی چەپی سویدی. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە فەرمی سەردانی وڵاتی شاهانەی سویدی کردووە و لە پەرلەمانی سوید لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لە پارتە سیاسییەکانی سویدیدا کۆبوونەتەوە و لە نێویاندا پەیوەندیی سیاسی و دۆستانەش لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی چەپی سویدا هەبووە. بۆ یەکەم جارە دوای چەند ساڵێک پارتی چەپی سوێدی شاندیکی پەرلەمانی دەنێریتە هەرێمی کوردستان بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێم و پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و دیدار و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لە نزیکەوە بینینی پێشکەوتنەکانی هەرێم لە بواری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و گرنگیدانی حکوومەتی هەرێم بە پرسی ئاوارەکان و لە چەندین بواری تر کە جێی بایەخی شاندی پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سوید بووە. بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی و چەندین لایەنی تری پەیوەندیدار کۆبوونەتەوە. بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێز و دۆستانەیەی لە نێوان پارتی چەپی سویدی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)دا هەیە، شاندەکە بە تایبەتی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد و لەسەر چەندین تەوەری جێی بایەخی نێوان هەردوو لادا و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هۆشیار سیوەیلی، بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەخێرهاتنی شاندی پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سویدی کرد و سوپاس و ستاییشی هاوکاری و پشتگیرییەکانی گەل و وڵاتی سویدی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی لە ڕۆژە سەختەکاندا لە ساڵانی (٩٠)کان و بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە کوردستان و لەسەر ئاستی سوید و لە هەریمی کوردستانیش گرنگی بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی شاهانەی سوید دراوە هەم لەسەر ئاستی حکوومی، پەرلەمانی و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی هەردوو لادا. سوپاسی پشتیوانیی سەرکردایەتیی پارتی چەپ و پەرلەمانتارانی پارتەکەی کرد لە دامەزراوەکانی هەریمی کوردستان و پرسی کورد بە گشتی.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە فراوانی باسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق و پێگەی گرنگی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و ئێستادا کرد و ڕایگەیاند، کە لە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە بەشداریی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتان و ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە گرنگ زانی. لە لایەکی ترەوە شیکردنەوەیەکی بۆ دۆخی سیاسی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و بۆ جێبەجێکردنی مافەدەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نراون. پرسی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی داعش کە پەنایان بۆ هەریمی کوردستان هێناوە، هاوکارییەکانی مرۆیی، خێرخوازی و نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی دۆخی ئاوارەکان کە بەهۆی نەبوونی ئاساییش و سەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستی و میلیشیاکان بەشیکی زۆری ئاوارەکان هێشتاش لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ژیان دەبەنە سەر بە تایبەتی دۆخی کوردانی ئێزیدی و نەگەڕانەوەیان بۆ دەڤەری شنگال بە هۆی هەڕەشەکانی پەکەکە و میلیشیا چەکدارەکانەوە و نەگەڕانەوەی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا بە هۆی بەردەوامبوونی مەترسییەکانی میلیشیا چەکدارەکان دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی نەبۆتەوە. لە ئێستاشدا کە عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ دەچن، دیدگا و پێشبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاندی میوان خرایە ڕوو کە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کاریگەرییان بەسەر ژینگەی سیاسی و حوکمڕانیی عێراقەوە دەبێت، کە هێشتاش دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی نەبۆتەوە لە شنگال و دەشتی نەینەوا و کەرکووک کە مەترسیی میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی و ئازادیی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندیدەکانەوە و سنووردارکردنی ئازادییەکانی دەنگدەران .دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و میلیشیا چەکدارەکان کاریگەریی نەرێنییان بەسەر دۆخی ناوخۆیی عیراق و بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانییەوە دەبێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی پەکەکە و یەبەشە و میلیشیا چەکدارەکان رێگرییان کردووە لە کاندیدەکانی (پ.د.ک) کە بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێو جەماوەری خۆیاندا بکەن لە دەڤەری شنگال کە ئەوە پێشیلکارییەکی ڕوون و دەستێوەردانی میلیشیا نایاساییەکانە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کاندیدەکان لەم دەڤەرە. لە لایەکی ترەوە دەستێوەردانی پەکەکە و تورکیا لە دۆخی هەرێم و گواستنەوەی شەڕ و ناکۆکییەکانیان بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بەشیکی تری ئەو مەترسی و هەڕەشە بەردەوامانەن بۆ سەر خەڵکی سڤیل و گوندنشین کە بووەتە هۆی سوتاندن و چۆڵکردنی دەیان گوند و سوتاندنی ژینگەی ناوچە سنوورییەکان و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی.
شاندی پەرلەمانتارانی سویدی لە پارتی چەپ، سەرسامیی خۆیان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی لە ڕووی سیاسی، دیموکراسی و پێکەوەژیان خستە ڕوو و ڕایانگەیاند، وڵاتی سوید و پارتی چەپ بەردەوام دەبن لە پشتگیرییان بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان و خوازیارن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا گەشە پێ بدەن.
لە ساڵانی (٧٠)کانی سەدەی ڕابردووەوە پارتی چەپ پشتیوان و هاوسۆز و ئاشنای پرسی گەلی کورد و شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان بوون لە پێناوی ئازادی و گەییشتن بە سەربەخۆیی، پشتیوانیی پارتی چەپی سویدی لە دۆزی گەلی کورد دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕیان بە ڕێزگرتن لە مافی ئاوارە و پەنابەران و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێردەست. هەروا ڕۆڵی چالاکوانانی سیاسیی کورد لە نێو ڕیزەکانی پارتەکەیاندا کە چەندین کەس توانیویانە لەسەر لیستی پارتی ناوبراو ببنە ئەندامی پەرلەمان و چەند کەسایەتیی تریش کەسانی چالاکن لە نێو ئۆرگانەکانی پارتی ناوبراودا. دیاسپۆرای کوردستانی لە سوید توانیویانە بە باشترین شیوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای سویددا بگونجێنن و خاوەن ڕۆڵ و پێگەیەکی دیارن و توانیویانە پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان هەردوو کۆمەڵگای سوید و کوردستاندا بنیات بنێن.




