٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خالید ئەحمەد: كار بۆ ئەوە دەكەین هەموو كورسییەكانی دهۆك ببەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك دەڵێ، كار بۆ ئەوە دەكەن كە هەموو كورسییەكان سنووری پارێزگای دهۆك ببەنەوە و روونیشی دەكاتەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆك بە شێوەیەكی ئارام و دیموكراسیانە بەڕێوە دەچێت.

خالید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆك بە شێوەیەكی ئارام و دیموكراسیانە بەڕێوە دەچێت، كەمترین كێشە و گرفت ڕەنگە لە سنووری هەموو پارێزگاكانی عێراق لە دهۆك بێت، هەموو كاندیدەكان بە شێوەیەكی ئازادانە بانگەشەی خۆیان دەكەن و هیچ خروقاتێكی وا كە شایانی باس بێت، تۆمار نەكراوە".

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك گوتیشی: "دڵنیاین خەڵكی سنووری پارێزگای دهۆك لە رووی هزری نەتەوەیی و مێژوویی و نیشتیمانی و دیموكراسییەوە لە ئاستێكی بەرزدان و بەشداریكردن لەو پرۆسەیەدا بە گرنگ دەزانن و چاوەڕێ دەكەین بەشدارییەكی فراوان لەم پرۆسەیە بكەن و دڵنیاین لەوەی سیاسەتی پارتی لەو سێ ساڵ و نیوەی ڕابردوودا سەركەوتوو بووە لەگەڵ ئەو ڕەوشە خراپە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و تەندروستییەی كە هەموو جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە و ئەركێكی گران كەوتە سەر كوردستان‌ و بە ‌رەوشێكی زەحمەتدا دەرباز بوو، هەروەها هەڵوێستەكانی پارتی بۆ دەسبەردارنەبوون لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق، هەڵوێستی جێگای شانازی و سەربەرزین، بۆیە دڵنیاین خەڵكی دهۆكی خۆشەویستیش تەقدیری ئەوە دەكات و، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەن و سزای ئەو لایەنانەش دەدەن كە دەیانویست لە ماوەی ڕابردوودا بێ ئومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا بڵاو بكەنەوە".

ئەحمەد ئاماژەشی دا: "ئەو زەمینەیەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان دروستی كردووە، زیاتر چانسی بە پارتی داوە كە هەر 11 كورسیی پارێزگای دهۆك بەدەست بێنێت، ئێمەش كاری جیددی دەكەین و چاومان لەوەیە هەر 11 كورسییەكەی سنووری پارێزگای دهۆك ببەینەوە".

ناوبراو داواشی لە هاووڵاتیان كرد، ئەوانەی كارتی دەنگدانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە، چونكە سبەی دوایین وادەیە، سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانیان و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی خەڵكی پارێزگای دهۆك لە هەموو پارێزگاكانی تر زیاتر كارتی خۆیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەوەی كارتی وەرنەگرتووەتەوە، پێویستە وەریبگرێتەوە، هەرچەندە لەم دوو رۆژەدا دەبینین خەڵكێكی زۆر سەرقاڵی وەرگرتنەوەی كارتەكانیانن، چونكە بێ ئەم كارتە ناتوانن دەنگ بدەن و بێبەش دەبن".

 

نەشوان بەرزنجی 

 

هەواڵی پەیوەندیدار