مووسڵاوییەكان: چاكەی سەرۆك بازرانی لەیاد ناكەین.. دەنگمان بۆ كاندیدانی پارتییە

مووسڵ-KDP.info- عەرەبەكانی مووسڵ جەخت لەوە دەكەنەوە، كە سەرۆك بارزانی چاكەیەكی زۆری لەگەڵ كردوون و لە كاتی شەڕی داعشدا ژیانی سەدان ھەزار كەسی رزگار كردووە و باوەشی بۆ مووسڵاوییەكان كردووەتەوە. دەشڵێن: "دەنگمان بۆ سەرۆك بارزانی و كاندیدانی پارتییە".
عەلی شەمەری، عەرەبی دانیشتووی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كاتێك داعش ھێرشی سەر ئێمەی كرد، ھەمووان پشتیان لە ئێمە كرد و بێ خاوەن ماینەوە، بەڵام سەرۆك بارزانی ھەر زوو ھاتە سەر هێڵ و بڕیاری دا دەرگای ھەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی مووسڵ بكرێتەوە، بە راستی ئەوە ھەڵوێستێكە قەت لەبیری ناكەین و ھیچ كات ناتوانین ئەو چاكەیە بدەینەوە، بەڵام كە دەبینین ئێستا پارتی كاندیدی ھەیە لە مووسڵ، دەنگمان جگە لە كاندیدانی پارتی، بۆ ھیچ لایەنێكی دیكە نابێت، چونكە ژیانی سەدان ھەزار كەسی رزگار كرد".
ئەحمەد جاسمیش، كە ھاووڵاتییەكی دیكەی عەرەبە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بە راستی ھەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە و بگرە زیاتر لە ھاووڵاتیانی خۆی رێز لە میوان دەگرن، ئەمە نیشانەی مرۆڤدۆستیە و جیاوازینەكردنە لە نێوان مرۆڤەكاندا، جا لە ھەر پێكھاتەیەك بن، چونكە ھەرێمی كوردستان چەندین ساڵە خزمەتی ھەموو پێكھاتەكان دەكات و ئەو ھەموو ئاوارەیەی لە خۆ گرتووە، ئەوەش لە سایەی پارتی و سەرۆك بارزانییە، ھیوادارم لایەنەكانی عێراقیش چاو لە سەرۆك بارزانی بكەن و بە كردار سەركردەیی خۆیان نیشان بدەن، چونكە پارتی كارێكی وای كردووە كە ئێمەش لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین".
ھاووڵاتی سوعاد حەیدەر، كە ئەویش ھاووڵاتییەكی عەرەبە و دانیشتووی لای ڕاستی شاری مووسڵە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كەس خەمی ھاووڵاتی ناخوات، تا ئێستا ناوچەكانمان وێرانن و ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئێمە ھیچ ھیوایەكمان بە ئەوانە نییە كە خۆیان كاندید كردووە كارێكمان بۆ بكەن و تەنھا بەرژەوەندیی خۆیان دەوێت، بەڵام پارتی حەقی لەسەر ئێمە ھەیە و خزمەتی زۆری ئێمەی كردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەمجارە دەنگیان پێ بدەین، چونكە دڵنیاین لە مووسڵیش خزمەتمان دەكەن و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیشمان دەكەن".
بڵند ئیبراھیم




