٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوان مەحموود: نووسینگەیەک بۆ چارەکردنی کێشەی هاووڵاتیان لە خانەقین دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KP.info- جوان مەحموود، کاندیدی ژمارە 53ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی 4ی پارێزگای دیالە دەڵێ: "لە بەغدا هەوڵی جیددی دەدەم بۆ چارەکردنی کێشەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد، لە خانەقینیش نووسینگەیەکی تایبەت دەکەمەوە".

جوان مەحموود، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پاش سەرکەوتنم لە ڕێگەی وەرگرتنی متمانەی هاووڵاتیان و بوونم بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە خانەقین نووسینگەیەک بۆ پێشوازی و گوێگرتن لە داواکاریی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و گەیاندنی دەنگیان بە لایەنی پێوەندیدار دەکەمەوە، کە لە ڕێگەی نووسینگەکەمەوە مانگانە نیوەی مووچەکەم دەدەم بە هەژاران، لە دەرگای تەواوی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەدەم بۆ چارەکردنی کێشەکانی دامەزراندن و سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و پەروەردە و تەندروستی".

مەحموود گوتیشی: "لەگەڵ هەڤاڵانم لە فراکسیۆنەکەمان و ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە جیددی کار دەکەم لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەروەها دەبێت کۆتایی بە بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو بڕیارانەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر دراون و هاوکات جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و یاسایانەی ماف بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێننەوە".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و دەبمە پارێزەری تەواوی ئەو ماددە دەستوووری و یاساییانەی هێزی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، هیچ کات ڕێگە نادەین هەوڵی نەزۆکی شۆڤێنییەکان سەربگرێت بۆ زیانگەیاندن بە قەوارەی کوردستان لەژێر ناوی هەمواری دەستوورەوە".

دەشڵێ: "هاووڵاتیان بە گشتی بە گەرموگوڕییەوە پێشوازیمان لێدەکەن و بەڵێن دەدەن متمانەی خۆیان بدەن بە ئێمە وەک کاندیدەی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی باش دەزانێت تەنها پارتییە دەتوانێت خانەقین و ناوچە کوردییەکان لەو دۆخە سەربازی و ئیدارییە سەپێندراوەی ئێستا دەرباز بکات".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار