دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پارتی جارێکی دیکە ئاڵای کوردستانی گەڕاندەوە بۆ کەرکووک

کەرکووک -KDP.info- ڕێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردن لە کەرکووک گوتی، دوای کردنەوەی چەند ئۆفیسێک بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، خەڵکی کەرکووک زۆر دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی و پێیان وایە کورد جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک، چونکە پارتی و کورد ھاوتای یەکتر بوونە و پارتی جارێکی دیکە ئاڵای کوردستانی گەڕاندەوە بۆ کەرکووک.
سامان ڕەشید، ڕێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردن لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەردەوامین لە بانگەشەی خۆمان بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە و چالاکییەکانی ئێمەش زیاتر سەردانیکردنی خانەوادەی شەھیدان و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پێشوازییەکی گەرم لەلایەن خەڵکی کەرکووکەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر دەگوترا لە کەرکووک کوردی لێ نییە و ئێستا پارتی کە گەڕاوەتەوە کەرکووک و بانگەشە دەکات، ناوی پارتی و کورد ھاوتای یەکتر بوونە و خەڵک زۆریان پێ خۆشە پارتی لەو ھەڵبژاردنەدا بەشدارە و خەڵکی کەرکووک زۆر خۆشحاڵن و ھیوایان لەسەر ئەوە ھەڵچنیوە کە لەم ھەڵبژاردنەدا کاندیدەکانمان سەر کەون و ئەو دۆخەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پەیدا بووە، ئاسایی بکرێتەوە.''
سامان ڕەشید گوتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە ئاڵای کوردستانی گەڕاندەوە بۆ کەرکووک و کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بارەگاکانیش بگەڕێنەوە، چونکە ئەوەی ئێستا ھەیە چەند ئۆفیسێک کراونەتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، بۆ ئەوەی کاندیدەکان کاری خۆیانی لێ بکەن و خەڵکێکی زۆریش دەیانەوێت، سەردانی پارتی بکەن کە لەڕێگەی ئەو ئۆفیسانەوە سەردان دەکەن.''
ڕەشید باسی لەوەش کرد: ''کردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە دەبێت، ھەر چۆن پێشتر توانیمان ئاڵا بەرز ڕابگرین، ئێستاش لە کەرکووک ئەو کارە دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




