پێکھاتەکان: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەین
__2021_10_03_h15m33s54__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- پێکھاتەکانی سنووری مووسڵ باس لەوە دەکەن کە لەلایەن ھێزە ملیشیاییەکانەوە تەعدایەکی زۆریان لێ دەکرێت و داوا دەکەن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە، بۆیە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
مەلا سالم شەبەک، نوێنەری پێشووی کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەو سنووری شەبەک لێی نیشتەجێن، لە دەشتی نەینەوا لەلایەن ھێزی ملیشیاوە تەعدایەکی زۆر لە شەبەک دەکرێت، بۆیە بڕیاریان داوە بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە و لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ەوە بکەونە سەر ھەرێمی کوردستان، دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.''
ئەحمەد حەماد، ھاووڵاتییەکی عەرەبە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو پێشمەرگە و پارتی لە سنووری ئێمە بوو ھیچ کێشەیەکی ئەمنیمان نەبوو و ناوچەکانمان ئارام بوون، بەڵام ئێستا ئارامی لە ناوچەکانمان نەماوە، بۆیە دەمانەوێت دەنگ بە پارتی بدەین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانمان و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ئیدی سەر بە ھەرێمی کوردستان بین.''
ھەر لەم بارەیەوە، حوسێن جوقی، ھاووڵاتییەکی کوردی ئێزدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد: ''لە ناحیەی باشیک بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێ دەژین بەھۆی ئەو ھەموو ھێزە و پێشتر تەنھا پێشمەرگە بوو و پارێزگاریی لە ئێمە دەکرد، ئێستا ئەو ئارامییە نەماوە، بۆیە دەمانەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و بگەڕێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین بۆ ئەوەی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە بکەن.''
بڵند ئیبراھیم




